فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتنی چوار ڕۆژەی کرێکارانی سەنعەتی و خزمەتگوزاری فەنلاند دژبە سیاسەتەکانی دژە کرێکاری دەوڵەت
هەینی ۱۳-۱۱-۱۴۰۲   |  02-02-2024

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گەورەترین یەکێتییە کرێکارییەکانی بەشەکانی سەنعەتی و خزمەتگوزاری فەنلاند لەوانە “AKAVA” و “SAK STTK”، لە ناڕەزایەتیی بە سیاسەتە دژە کرێکارییەکانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە کە دەستدرێژی بۆ سەر دۆخی کاری، کەمکردنەوەی ئەمنییەتی ژیانی کۆمەڵایەتی کرێکاران و کارمەندان و هەروەها کەمکردنەوەی مەزایاکانی کارە، مانگرتنێکی چوار ڕۆژەیان ڕێکخستووە کە ئەم مانگرتنە لە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندانەوە دەستی پێکردووە و هەتا ڕۆژی شەممە درێژەی دەبێت.
  بەپێی بەرنامەبۆداڕێژراوەکان، لەماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا، کرێکاران و کارمەندانی بەشە دیاریکراوەکان لە پیشەسازی و دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری، بەم مانگرتنەوە پەیوەست دەبن. یەکەم ڕۆژی ئەم مانگرتنە بە دەست لەکار کێشانەوەی کرێکاران و کارمەندانی شاغڵ لە باخچەی ساوایان دەستی پێکرد و ڕۆژی پێنجشەممەش، کرێکارانی ناوەندەکانی پیشەسازی و کارگە بەرهەمهێنەرەکان، کارمەندانی تڕافیکی هەوایی، ئیداراتی دەوڵەتی و ناوەندەکانی فێرکاری و دووکانداران، وێڕای تەعتیل کردنی کارەکانیان، ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و دواتر لە گۆڕەپانی “سێنا” لە هێلسینکی پایتەخی فەنلاند کۆبوونەوە. شایانی باسە، لەم کۆبوونەوەیەدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەشداریان کردبوو و هەڵسووڕاوانی سەندیکایی و کرێکاری، وتارێکیان لە مەحکووم کردنی سیاسەتەکانی دەوڵەت خوێندەوە. جێگای ئاماژەیە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ١٣ی ڕێبەندان، کرێکارانی بەشی گواستنەوەی گشتی بەم مانگرتنەوە پەیوەست بن کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس.