فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هێرشی سەلەفییەکان بۆ سەر کرێکارێکی خەڵکی سەقز
هەینی ۱۳-۱۱-۱۴۰۲   |  02-02-2024

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، “نەهرۆ ڕۆستەم نژاد” تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گەڕەکی تازەئاوای سەقز، لە لایەن چەند کەس لە ئەندامانی گرووپە سەلەفییەکانەوە بە زەربەی شمشێر و قەمە بەسەختی بریندارکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەهرۆ ڕۆستەم نژاد، ڕۆژی پێشوو چەند کاتژمێر دوای گەڕانەوەی لە تاران، لە لایەن ژمارەیەکی نەناسراو پەیوەندییان لەگەڵ گرتووە و کێشاندوویانەتە پارکێکی شەقامی مێقداد لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقز و بە چەند کەسەوە هێرشیان کردووەتە سەری. بەپێی ئەو وێنانەی کە بڵاو کراوەتەوە، ئەو لاوە سەر و هەر دوو لاقی بە زەربەی چەقۆ و قەمە بەسەختی بریندارکراوە و ڕۆژی پێشوو بۆ چەند کاتژمێر بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بردراوەتە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریدا بووە. پێویستە ئاماژە بکرێت کە گرووپە سەلەفییەکان لە کوردستان، بە ڕێکخستنی کەناڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و تێلێگرام بەئاشکرایی و بەپشتبەستن بە خوێندنەوەی خۆیان لە ئیسلام، و لە ژێرناوی “فتوا” هەڕەشەی کوشتن لە هاووڵاتییان دەکەن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند هاووڵاتی لە شارەکانی سەقز، سنە و مەریوان لە لایەن ئەندامانی ئەو گرووپانەوە کوژراون. جێگای ئاماژەیە سەرباری ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە شارەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنییان زاڵ کردووە، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم گرووپانە.