بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، “جەماڵ و کەماڵ عەبدوڵڵایی” دوو برای خەڵکی گوندی بەردەڕەش سەر بە شاری بانە لە دوای بانگکران بۆ دادگای تاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین گوازراونەتەوە.
تا ئێستا دیار نییە بانگکردنی ئەم هاووڵاتییانە بۆ ناوەندە دادوەرییەکانی تاران بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی بەندکرانیان لەسەر دۆسیەکەیانە یان لەوانەیە تۆمەتی دیکە دراوەتە پاڵیان. جەماڵ و کەماڵ عەبدوڵڵایی، سەرەتای مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠٠، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری بانە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە تاران گوازراونەتەوە.
ئەم دوو برایە لە ماوەی ڕاگرتنیان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئیزنی پەیوەندی گرتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێ نەدراوە و مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریان پێ نەدراوە. ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ لە دوای نزیک بە ١٤ مانگ دەستبەسەر بوون، هەرکام بە دانانی بارمتەی ٢٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی ڕەوتی دادگایی کردنەکەیان ئازاد کرابوون.