هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئەمریکا لە کاردانەوە بە کوژرانی ٣ سەربازی ئەمریکا لە هێرشی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بۆسەر پایگای بورجی ٢٢ لە سنووری نێوان ئۆردۆن و سووریە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣ی فێوریەی ٢٠٢٤ بە چەندین فڕۆکەی جەنگی و بۆمب هاوێژ هێرشی کردە سەر حەوت خاڵ و دەیان پێگەی هێزی قودسی سپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سووریە. بەگوێرەی فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا، لەم هێرشانەدا، بارەگای فەرماندەیی و کۆنترۆڵی عەمەلیات، هەروەها بنکەی لۆجستی و ئۆپەراسیۆنی درۆنی هێزی قودسی سپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی ئیسلامی کراونەتە ئامانج. بەپێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی ئەم هێرشانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٨ کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون. ئەم هێرشە بەدوای ئەوەدا ئەنجام درا کە دەوڵەتی ئەمریکا پێشتر کۆماری ئیسلامی و گرووپە ئیسلامی و میلیشیاکانی سەربە ڕژیمی بە بەرپرسی هێرشی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بۆسەر پایگای بورجی ٢٢ لە سنووری ئۆردۆن و سووریە ناوبردبوو. گرووپی موقاومەتی ئیسلامیی عێراق ئەگەرچی بەرپرسارێتیی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ بەڵام دوو ڕۆژ دواتر ڕایگەیاند کە هەموو کردەوە نیزامی و مووشەکییەکانی خۆی بەدژی هێزەکانی ئەمریکا ڕاگرتووە و ئیدیعای کرد کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەخشێکی لە بڕیاردان بۆ هێرش کردنە سەر پایگای بورجی ٢٢ نەبووە. کاربەدەستانی ئەمریکا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە “هەوڵ نادەن گرژییەکان لەگەڵ ئێران و لە ناوچەکەدا زیاتر بکەن و ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣ی فێوریەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی توانای نیزامی و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر پایگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەنجام دراوە”. بەڵام بەم حاڵەوە تەئکیدیان کردووە کە ئەم هێرشانە درێژەیان دەبێت.
ئەم گرژی و شەڕنانەوەیە لە حاڵێکدا پەرەی سەندووە کە نزیک بە چوار مانگ لە کۆمەڵکوژی و جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە تێدەپەڕێت. ئەم جینۆسایدە ئاشکرایە بەدژی خەڵک فەلەستین هەتا ئێستا زیاتر لە سەد هەزار کوژراو و بریندار و بێسەروشوێنی لێکەوتووەتەوە. لەسەدا شەستی خانووەکان بەتەواوی وێران بوون و زیانیان بەرکەوتووە. زیاتر لە ٨٥ لەسەدی دانیشتووانی ئاوارە بوون و بەهۆی گەمارۆ و کەمبوونی بەرینی خۆراک و ئاو و دەرمان و خزمەتگوزاریی تەندروستی بارودۆخێکی نامرۆڤانە و کارەساتبار بەسەر دانیشتووانی ئەم گەورەترین زیندانە سەرئاواڵەیەی جیهاندا سەپاوە. ئەرتەشی ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ ئەم کۆمەڵکوژییە لە غەززە هەر چەند وەخت جارێک پایگاکان و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبوڵڵای لۆبنانی کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و چەندین جار پایەگا و بنکەی هێزەکانی قودسی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامی و گرووپەکانی سەربەوی لە سووریە تێکشکاندووە و چەندین فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕژیمی کوشتووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە چل ساڵە دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و دروشمی نابوودیی ئیسرائیلی کردووەتە بەشێک لە ناسنامەی خۆی، بەرانبەر بە هێرشی بیرلێکراو و ئامانجداری ئەرتەشی ئیسرائیل ئەوپەڕی داوایی خۆی نیشان داوە. ئەنجامدانی زیاتر لە ١٥٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی گرووپەکانی سەربە ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر بنکە و بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە، هێرشی مووشەکیی سپای پاسدران بۆسەر شاری هەولێر، لەڕاستیدا بەشێک لە هەوڵێ سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ ئەوەی زەعف و لاوازیی خۆی بەرانبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل لە چاوی بیروڕای گشتی بشارێتەوە.
ئەگەرچی نەتانیاهۆ بۆ دەربازکردنی خۆی لە ئاکامی ئەو گەندەڵی و ڕسواییانەی بەباری هێناوە و بەخاتری شکستهێنانی سیاسەتەکانی، ئاگاهانە هەوڵ دەدات شەڕ پەرەپێبدات و ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەربدات. بەڵام هەموو دەسەڵاتەکانی دەرگیر لەناو ئەم قەیرانە لە دەوڵەتی ئەمریکاوە بگرە تا هاوپەیمانانی ئورووپایی و لە حکوومەتە عەرەبییەکانی ناوچەکەوە بگرە هەتا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گەلێک جار ڕایانگەیاندووە کە پەرەپێدێانی شەڕ لەڕاستای بەرژەوەندی خۆیاندا نابینن. بەڵام بەم حاڵەوە و سەرەڕای ئیدیعاکانیان ئەوزاع دەتوانێ لە کۆنتڕۆڵ بچێتە دەر و هەرجۆرە لێکدانەوەیەکی هەڵەی ئەم دەسەڵاتانە لەئاستی تەحەمولی یەکتر دەتوانێ ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە پەرەپێبدات. لەم پێوەندەدا پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی لە کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، و ماجەراجوویی زەبوونانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لەڕێگەی هاندان و پشتیوانی لە مووشەک هاویشتنی حوسییەکان لە یەمەن و گرووپە میلیشیا ئیسلامییەکان لە عێراق و سووریە دەتوانێ بەکردەوە بکەوێتە خزمەت پەرەپێدانی شەڕ لە ناوچەکە.
تێپەڕینی دوو ساڵ لە شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین، جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و پشتیوانیی ئەمریکا لەم جەنایەتە سەلێمەری ئەم واقعیەتەیە کە هەروەک چون هەوڵی ئەمریکا بۆ وەدەستهێنانی پێگەی هێژمۆنیک لە جیهان لە دوای شەڕی سارد لەڕێگەی میلیتاریسم و هێزی نیزامی و لەشکرکێشی بۆسەر ئەفغانستان و عێراق و دەخاڵەتگەریی نیزامی لە لیبی و سووریە و شوێنەکانی تر خوێناوی و وێرانگەر بوو، دەورەی لاوازبوونی دەسەڵاتی ڕێبەریی ئەمریکا و حەرەکەت بەرەو سەقامگیربوونی جیهانی چەند جەمسەریش، خوێناوی و وێرانگەر دەبێت.
بێگومان ئەگەر نەتانیاهۆ بۆ دەربازبوونی لە قەیرانێک کە تێیدا گرفتار بووە لە هەوڵی پەرەپێدانی شەڕدایە و لەڕاستای پەرەپێدانی ئەم کارەساتەدا هەنگاو هەڵدەگرێت، لەلایەکی دیکەوە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجی دەوڵەتی ئەمریکا لە جەنایەتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و هەروەها ماجەراجویی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی حوسییەکان لە یەمەن، حزبوڵڵا لە لوبنان و گرووپە میلیشیاکانی نزیک بەخۆی لە عێراق و سووریە و لەڕاستیدا کایەکردنی فەرماندەکانی سپای پاسداران بە ئاگری شەڕیش، لە خزمەت پەرەپێدانی ئەم شەڕە کارەساتبارەدایە. بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و ناوچەکەوە هیچ ڕێگایەک بێجگەلە درێژە و پەرەپێدانی بزووتنەوەی جیهانی بەدژی جینوسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و دەوڵەتانی پشیتوانی و گەشەێپدانی خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە.
٣ی فێوریەی ٢٠٢٤
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn