فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوام بوونی بێبەش کرانی مەحموود سادقی لە مافە سەرەتاییەکان لە زیندانی سنە
دوشەممە ۱۶-۱۱-۱۴۰۲   |  05-02-2024

بەپێی ڕاپۆرتەکان، مەحموود سادقی بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، سەرەڕای تێپەڕاندنی ماوەی ٧ ساڵ و ٣ مانگ و ٢٠ ڕۆژ لە ماوەی بەندکردنەکەی، تاکوو ئێستاش بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە مافە سەرەتایییەکان و بەتایبەت مافی ئازادیی کاتی، بێبەری و بێبەش کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سیاسییە هەتا ئێستا چەندین جار داوای کردووە بگوازرێتەوە بۆ زیندانی کامیاران، بەڵام هەموو جارێک لە لایەن بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەکانەوە دژایەتیی داخوازییەکەی دەکرێت و وەڵامی نادرێتەوە.
جێگای ئاماژەیە، مەحموود سادقی لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٥، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی “هاوکاری بەغی” سزای ٢٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو. هەروەها ناوبراو لە تۆمەتی “هاوکاریکردنی کوشتن و هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی نەیاری ڕژیم” کە لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٦ و لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکان لە پارێزگاکانی سنە سزای ٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو، بێبەری کراوە.
مەحموود سادقی، ڕۆژی ٢٥ ڕەزبەری ١٣٩٤ لەگەڵ حەیدەر قوربانی، زاوای و بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو، لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کراون. ئەو هاووڵاتییە پاش دەستبەسەربوونی، بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییی ئەو ناوەندە ئەمنییەدا بوو و دواجار بۆ زیندانی کامیاران گواستراوەتەوە. دواتریش دوای پێنج مانگ بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە و تاکوو ئێستاش لەم زیندانەدا ڕاگیراوە.