دوو هاووڵاتی خەڵکی دێهگۆلان دوای حازربوونیان لە ماڵی دایک و باوکی محەمەد فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسی لەسێدارەدراو، بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکران.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، زوبەیر حوسێن پەناهی تەمەن ٣٢ ساڵ و عەباس حوسێن پەناهی خەڵکی گوندی “قوروچیا”ی سەر بە شاری دێهگۆلان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە، زوبەیر حوسێن پەناهی سەری شکێندراوە و هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە.
شایانی باسە کە دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە دوای حازربوونیان لە ماڵی دایک و باوکی محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسی کە ٩ی ڕێبەندان سزای سێدارەکەی لەگەڵ سێ بەندکراوی سیاسی دیکە جێبەجێکرا، ڕوویداوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.