ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە گۆڕانکاریی نرخی خۆراک لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢دا دەریدەخات کە، نرخی گۆشتی سوور و سپی، بەرهەمە گۆشتییەکان و جۆرەکانی میوە و هەروەها شیری وشک لە ئێران لە یەک مانگدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە .
بەپێی ئەم ئامارانە، گۆشتی مەڕ بە ڕێژەی ١٠.٩ لەسەد، گۆشتی مانگا بە ڕێژەی ٣.٩ لەسەد و کۆنسێروی ماسی بە ڕێژەی ٣.١ لەسەد، بەرزترین ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخیان بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕابردوو هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەردەکەوێت کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو، شووتی بە ڕێژەی ١٧.٢لەسەد، هەنار بە ڕێژەی ١٣.٩ لەسەد و شیری وشک بە ڕێژەی ٧.٨ لەسەد گرانتر بووە.
شایەنی باسە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران زیاتر لە سێ دەیەیە کە کێشەی سەرەکیی ئابووریی ئێران بە ئەژمار دێت.
ئەوە لەکاتێکدایە کە، ئیبراهیم ڕەئیسی دووساڵ لەمەوبەر لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا ڕایگەیاند، ئەگەر ببێتە سەرۆککۆمار، ڕێژەی هەڵاوسان بۆ نیوە کەم دەکاتەوە.
گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان و لەلایەکی تریشەوە بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و چوونەسەرەوەی ڕێژەی بێکاری وای کردووە کە زۆربەی خەڵک توانایی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان نەبێت.