فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قەیرانی ئۆکراین، کایەکردن بە ئاگر
یەکشەممە ۱۷-۱۱-۱۴۰۰   |  06-02-2022

لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕەقسەی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر قەیرانی ئۆکراین، جان کێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە دووی فێوریە ڕایگەیاند کە هەزار هێزی ئەمریکایی کە لە ئێستادا لە ئاڵمان جێگیر کراون، دەنێردرێنە ڕۆمانی و دوو هەزار هێزیش لە ئەمریکاوە  ڕەوانەی لەهێستان و ئاڵمان دەکرێن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە “سی ئێن ئێن” پێشتر لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار وتبووی کە نزیکەی دوو هەزار هێز بۆ لەهستان و چەند هەزار هێزی دیکەش بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژاوای ناتۆ، لەوانە ڕۆمانی دەنێردرێن. ئەم هەواڵە یەک ڕۆژ پاش ئەوە ڕادەگەیەندرێت کە ڤلادیمیر پوتین، ڕۆژاوا بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیهەوێت مسکۆ بەرەو شەڕ بەڕێت. پوتین ڕۆژی سێشەممە، یەکی فێوریە، وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستە ئەمنییەتییەکانی مسکۆ وتی کە واشنگتۆن و ناتۆ بایەخیان بە نیگەرانییە سەرەکییەکانی کرێملین نەداوە. هەر لەم پێوەندەدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند کە “هەرجۆرە دەستدرێژییەکی نیزامی بۆسەر ئۆکراین، بە مانای گەمارۆی ماڵی و ئابووریی زیاتر” دژبە ڕووسیا دەبێت. ئەو لە درێژەدا وتی ڕووسیا بەم هەوڵانەی “پێکهاتەی ئەمنییەتی”ی ئەورووپا دەباتە ژێر پرسیارەوە و بێگومان هەر هێرشێک، بەهێرش بۆسەر هەموو ٢٧ وڵاتەکەی ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا لەقەڵەم دەدرێت. دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین لە کاردانەوە بەم هەڕەشانە وتی کە نیگەرانیی مسکۆ دەربارەی ئەگەری پێشڕەویی ناتۆ بەرەو ڕۆژاوا  و جێگیرکردنی هێزی ئەمریکایی لە ناوچەکە “تەواوەن پاساوهەڵگر”ە.

بێگومان ئەوەیکە لەئێستادا لەبەرچاوی خەڵکی جیهان لە قەلبی ئەورووپا لەئارادایە ساتێکی مەترسیدارە لە مێژووی سەردەمدا. قەیرانێک کە لە هێندێک بوارەوە هاوشێوەی قەیرانی مووشەکیی ١٩٦٢ لە کووبایە. ئەوە ڕاستە کە نە مسکۆ و نە واشنگتۆن هەتا ئێستا ئاماژەیەکیان بە چەکی ناوەکی نەکردووە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەوان ئەنبارە ناوەکییەکانی خۆشیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشەوە. چوونەسەرەوەی ژمارەی هێزی نیزامیی ڕووسیا لە سنوورەکانی ئۆکراین، ئاستی چڕبوونەوە و کەڵەکەبوونی هێز لە سنوورەکانی ئەورووپاشی تێپەڕاندووە.  توندبوونەوەی شەڕی لەفزیی ئەمریکا و ناتۆ دژبە ڕووسیا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەپێچەوانەی ژێستی دیپلۆماتیک، ئارایش و هاتووچۆی نیزامی و تەدارۆکاتی، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەری هێناوەتە ئاراوە.

ڤلادیمیر پوتین لەوانەیە وا بیر بکاتەوە کە جێگیرکردنی پتر لە سەد هەزار هێزی سەربازی بە هەزاران تانک و زرێپۆشەوە هەوڵێکی بەرگرانەیە تا لایەنی بەرامبەر ناچار بە پاشەکشە بکات. جۆو بایدێن لەوانەیە لەسەر ئەو باوەڕە بێت کە ئەمە دەرفەتێکی گونجاوە بۆی تا هێژمۆنیی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی خۆی کە پاش شکستی سەرشۆرانەی لە ئەفغانستان یەکجار زیانی پێگەیشتووە، دیسان نۆژن بکاتەوە. بوریس جانسۆنیش ڕەنگبێ  لای وا بێت کە ئیدیعا بێناوەرۆکەکانی دەوڵەتەکەی، ڕێگایەکی کەم خەرجترە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان. بەڵام بە هەر پاساوێکەوە بێت، هەر سێ دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکە تەپڵی شەڕ دەکوتن و خەریکی کایە کردن بە ئاگرن. ئەگەر بەهۆی ئەم گرژیانەی ئێستا شەڕ بێتە ئاراوە، تەنانەت ئەگەر لەسەرەتادا بە خاکی ئۆکراینەوە سنووردار بێت، پێگەی ناوەندی و بەرینایی ئەو وڵاتە دەبتێە هۆی ئەوەیکە مەترسیی جیددیی پەرەسەندنی خێرای بڵێسەکانی ئاگری شەڕ، هەڕەشە لە وڵاتانی ئەورووپایی هاوسنووریش بکات.

هۆکاری سەرەکیی ئەوەیکە ئەمڕۆ ڕوو دەدات دواهاتی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە ئەمریکا وەک دەسەڵاتی سەرکەوتووی شەڕی سارد، بەرپرسی سەرەکییەتی. دوای کۆتایی شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵات، واشنگتۆن لە قەباڵ ڕووسیادا وەک دەسەڵاتێکی سەرکەوتووی بێبەزەیی بەرامبەر بە حەریفێکی شکست­خواردوو هەڵسووکەوتی کرد و بەنیازبوو لە هاتنەوەی ڕووسیا بۆ مەیدانی ڕەقابەتە نێونەتەوەییەکان ڕێگری بکات. ئەم بابەتە، لە پەرەپێدانی ناتۆی ژێر ئۆتۆریتەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەڕێگەی ڕاکێشانی وڵاتانێک کە پێشتر لە پەیمانی ورشوی ژێر ئۆتۆریتەی یەکیەتیی سۆڤیەت دا بوون، خۆی نیشان دا. هەروەها دیکتەکردنی سیاسەتی ئابووریی “شۆک دەرمانی” بەسەر ئابووریی ڕووسیادا، توندتربوونەوەی قەیرانیی ئابووریی ئەم وڵاتەی لێکەوتووەوە.

سیاسەتەکانی ڕۆژاوا لە قەباڵ ڕووسیا بە نۆبەی خۆی بەستێنی سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە مسکۆ و بووژاندنەوەی ئیمپراتووریی کۆنی ڕووسیای ئامادە کرد. پوتین هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە، بە پشتیوانی لە بەرژەوەندی سەرمایەداریی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر سەنعەتی نیزامی و بەشی نەوت و گاز و پشتیوانی لە ناسیۆنالیسمی ڕووسی، سیاسەتی گەشەی نیزامیی گرتووەتە بەر. ڕووسیای ژێر دەسەڵاتی پوتین، لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە بە بردنەسەرەوەی نرخی نەوت و گاز و لەڕێگەی بەهێزکردنی بواری ئابووری، ڕووی کردە دەستتێوەردانی نیزامی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. ڕووسیای پاش ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت، دەستتوەردانی نیزامیی لە قەفقاز بەتایبەت لە گۆرجستان، ئۆکراین و لەم دوایانەدا لە قەزاقستان ئەنجام داوە.

کەوابوو، زۆروێژیی ئیمپریالیستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و درێژەی زێدەخوازیی ئیمپریالیستیی ڕووسیا، جیهانی بردووەتە بەردەم کارەسات. بەسەرەنجدان بە تێکهەڵکێشراوبوونی بەرژەوەندی ئابووری لایەنەکان لە سەردەمی جیهانی بوونەوەی سەرمایە، دیسان ئەو هیوایە بوونی هەیە کە ئەقڵ سەرکەوێت و دەسەڵاتە ڕەقیبەکان بەڕێکەوتن بگەن و باروودۆخ بۆ “پێکەوەژیانی ئاشتیانە” دابین بکەن تا بەربە سەرهەڵدانی شەڕ بگیرێت. شەڕێک کە بێگومان کارەساتێکی گەورە دەبێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ئەم باروودۆخە قەیراناوی و مەترسیدارە بۆ جارێکی دیکە بزووتنەوەی پێشکەوتنخواز و دژەشەڕ، بانگەشەی ئامادەبوون و هەوڵ بۆ ڕێکخستن دەکات.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv