
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەڕۆژانی ڕابردوودا شێرکۆ حیجازی، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئەمنیەتی میللی” سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری حکوومەت” سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی جێبەجێ دەکرێت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران بێبەری کراوە. بەپێی ئەو سزا و بەپشتبەستن بە ماددەی ٧ی یاسای سزای بەندکرانی ساڵی ١٣٩٨، دوو لە سێی قورسترین سزا بۆ ماوەی سێ ساڵی هەڵپەسێندراوە. بەڵام ئەو فەرمانە بەستراوە بە هەڵسوکەوت نەکردنی ناوبراو لەگەڵ دەستبەسەرکراوانی ساڵیادی گیانبەختکردووانی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناساندنی مانگانەی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها تێپەڕکردنی سێ خولی پەروەردە، ئەخلاق و ئایینی. لە بەشێکی دیکە لەو سزایە، شێرکۆ بە نووسینی ژیاننامەی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراوە و هەڵگرتنەوەی تاکەکەسی خۆی لە کتێبی مەعنونە (ژیاننامەی نووسراوە) و پێشکەشکردنی بەشێوەی وتار بە جێبەجێکاری سزاکان و بڵاوکردنەوەی دەنگی لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکانی شاری سەقز سزا دراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەی، شێرکۆ حیجازی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، لە شوێنی کارەکەی هەڵکەوتوو لە شەقامی «شوهەدا» بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم دەستبەسەرکرا و دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، دوای تێپەڕکردنی ٩٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی بارمتەی دوو ملیارد و چوارسەد ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد بوو. شیاوی ئاماژەپێدانە کە شێرکۆ حیجازی لەماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی دژ بە خۆی کراوە.