فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بنبڕکردنی گەندەڵی لەناو حکوومەتی ئیسلامی تەنها بە ڕووخاندنی دێتە دی
چوارشەممە ۲۵-۱۱-۱۴۰۲   |  14-02-2024

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی مانگی ڕێبەندان ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ لە مەراسیمێک کە ڕژیم بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەڕێوەی دەبات، لە وتارێکی سەرتاسەر درۆ و پێچەوانەدا دەستی کرد بە پێهەڵکوتن و تاریفکردن لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دەستکەوتەکانی لە بواری ئازادی، ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ، ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم، پێشکەوتنی وڵات و خەبات بەدژی گەندەڵی ماڵی لەناو حکوومەتدا. ئەو بۆ نموونە وتی: «ڕێگە نادەین چکۆلەترین گەندەڵی لە سازمانی ئیداریی وڵاتدا ڕەخنە بکات و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە بەرەو پێشکەوتنی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکان و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی هەنگاو هەڵگرین.»

ئیبراهیم ڕەئیسی ئەندامی لێژنەی مەرگی حکوومەتی ئیسلامی لە دەیەی ٦٠، لەحاڵێکدا بێشەرمانە باس لە بوونی ئازادی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکات کە ئەم ڕژیمە دژەئینسانە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە دەستی کرد بە سەرکوتکردنی ئازادی، هێرش بۆسەر ژنان، هێرش بۆسەر زانکۆکان، لەشکرکێشی بۆسەر کوردستان و تورکەمەن سەحرا. ساواکی بووژاندەوە، بیساتی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامی هەزاران کەس لە لاوانی شۆڕشگێڕی خستە ڕێ، بە دروشمی “شورا پورا مالید” هێرشی کردە سەر کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بەپێی ویستی ئەمریکا و سرووشتی دژە شۆڕشگێڕانەی خۆی، حکوومەتی ئیسلامیی بەئامانجی سەرکوتی خوێناویی شۆڕشی جەماوەر دامەزراند. ڕەئیسیی جەلاد لە وتارەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی کارنامەیەکی درۆ و ساختە لە ئازادی و مافی مرۆڤ دروست دەکات. بەڵام باس لە شەپۆلی کوشتار و ئێعدامی زیندانیان و باس لەو هەژاری و فەلاکەتە ناکا کە حکوومەتی ئیسلامی زیاتر لە چل ساڵە بەسەر ژیانی ملیۆنها کەس لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشیدا سەپاندووە. ئەو لە حاڵێکدا باس لە ڕێزگرتن لە مافی خەڵک لە ئێران دەکات کە لەماوەی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا بە جێبەجێکردنی یاسای خورافی و ئایینی و کۆنەپەرستانە تەنانەت ئازادیی پۆشینی جلوبەرگیشیان لە نیوەی تاکەکانی کۆمەڵگا واتە ژنان زەوت کردووە و مافی ئینسانی و کۆمەڵایەتیی ژنان بەڕەسمی ناناسن. لە حاڵێکدا باس لە پێشکەوتن دەکات کە ملیۆنها منداڵ لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەدا لە خوێندن بێبەری بوون و لە شەقام و کارگە و ژێرزەمینەکاندا بوونەتە منداڵانی ڕەنج و کار. دەیان هەزار منداڵ و گەورە ڕۆژانە بۆ تێرکردنی زگی برسییان لەناو سەتڵەکانی زبڵدا بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن. گرانی و تەوەرومی بەردەوام، ژیان و گوزەرانی دەیان ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێش، مامۆستا و خانەنشین و توێژە هەژارەکانی دیکەی بە فەلاکەت کێشاوە.

یەکێک لە شابەیتەکانی وتارەکەی ڕەئیسی لە ڕۆژی یەکشەممە ئیدیعای بێناوەرۆکی متمانەی خەڵک بە دەوڵەت لە بەرەنگاربوونەوە بەدژی گەندەڵی بوو. ئەو وتی: خەڵک متمانەیان بە دەوڵەت و کارگێڕانی دەوڵەت لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەرەنگاری هەموو جۆرە گەندەڵییەک بوونەتەوە. ڕێگە نادەین چکۆلەترین گەندەڵی ڕەخنە بکاتە ناو سازمانی ئیداریی وڵاتەوە”. ڕەئیسی لە حاڵێکدا خۆی لە نەزانی دەدات و باس لە متمانەی خەڵک بە ڕژیمی ئیسلامی دەکات کە گەندەڵی و دزیی گەورە لە هەموو ئۆرگانەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لەناو سپای پاسداران کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئابووریی ئێرانی بە زەبری زۆر و سەرکوت زەوت کردووە و لە سازماندانی مافیای قاچاغی چەک و ماددەی هۆشبەر و قاچاغی ئینسان ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێ، بووەتە بابەتێکی ئاسایی و جێکەوتوو.

بەشێک لە پەروەندەی دزی و ئیختلاس و ڕانتخۆریی هەزاران ملیارد تمەنیی فەرماندەکانی سپا و بەرپرسان و کارگێڕانی حکوومەتی ئیسلامی لەڕێگەی تۆڕەکانی مافیای دەسەڵات، لە جەریانی ڕەقابەت و ناکۆکیی باڵەکاندا بەبەڵگە ئاشکرا دەکرێن. ڕۆژی شەممە ٢١ی مانگی ڕێبەندان، یەک ڕۆژ بەرلە قسەکانی ڕەئیسی، “ئیلنا” هەواڵنێریی کاری کۆماری ئیسلامی باسی لەو گەندەڵییە کرد کە لەناو شۆرای نیگەهبانی قانوونی ئەساسیی ڕژیمدا ئەنجام دراوە. هیدایەتوڵڵا خادمی نوێنەری پێشووی مەجلیسی کۆنەپەرست و شەریکی قافڵە، کە بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی حەفاری شوماڵ و سەرۆکی هەیئەتی مودیرەی شیرکەتەکانی حەفاری نەوت و گازی ئێران بووە ئاشکرای کرد کە دەڵاڵانی شۆرای نیگەهبان بۆ تەئیدی سەلاحیەتی ئەو بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، داوای بڕی ١٢٠ هەزار دۆلاری ئەمریکایان لێکردووە. لە نموونەیەکی دیکەی گەندەڵی و دزیدا، “خەبەر ئانلاین” ئاژانسی هەواڵی شیکاریی ئێران، لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەنداندا نووسیی: «عەلی ڕەزا بەیگی نوێنەرێکی ڕەدی سەلاحیەتکراو ڕایگەیاندووە کە شۆرای نیگەهبان بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی و دزیی سێ ملیارد و ٣٧٠ ملیۆن دۆلاریی چای “دێبش” لەلایەن بەرپرسانی ناوەندە حکوومەتییەکان و بەهۆی لەقاودانی گەندەڵیی واگوزارکردنی ماشێنە شانسی بڵیندەکان بە نوێنەران لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوو، منی ڕەدی سەلاحیەت کردووە». لە پەیوەند لەگەڵ گەندەڵی و دزیی حاکمانی ڕژیمی ئیسلامی، چەند ساڵ لەمەوبەریش لە ڕەقابەت و ناکۆکییەکان لەبواری ئیختلاس و دزی لە نێوان دەوڵەتی ڕووحانی و دەزگای قەزایی ڕژیم، پەروەندەی دزیی هەزار و ٧٠٠ ملیارد تمەنیی سادق لاریجانی سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای قەزایی و ئەندامی ئێستای مەجمەعەی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام، لەڕێگەی داگیرکردنی وەسیقەی زیندانیان لە ٦٧ حیسابی بانکیی شەخسی ئاشکرا بوو. ئەم ماجەرایە لە بەرابەر ئەوەدا ئەنجام درا کە دەزگای قەزایی پەروەندەی دزیی ٢ هەزار و ٦٠٠ ملیارد تمەنیی برای حەسەنی ڕووحانی پەیگیری کردبوو.

ئاستی گەندەڵیی بەرین و سیستماتیک لەناو ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێک کە مۆدێلی سەرمایەداریی نیۆلیبڕالی پەیڕەو دەکات لەلایەن ناوەندە ماڵییە نێونەتەوەییەکان لەوانە بانکی جیهانی، سندووقی نێونەتەوەیی پارە، ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و گەشە و دامەزراوە ماڵییەکانی سەرمایە، بەپێی پێوەرەکانی گەندەڵی و شەفافیەتی خۆیان بەرئاورد کراوە. بەپێی دوایین بەرئاوردی ئەم ناوەندانە، کۆماری ئیسلامی لەناو ١٨٠ وڵاتی جیهان لە بواری گەندەڵیی داراییەوە پلەی ١٥٠ی هەیە و بەپێچەوانەی درۆی بێشەرمانەی ڕەئیسی، ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەندەڵترین نیزامەکانی سەرمایەداری لەئاستی جیهانە. ئاشکرایە کە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی لەناو کۆماری ئیسلامی لە هەمان کاتدا بەستێنێک بۆ کێشمەکێشی نێوان باڵەکانی دەسەڵات و سڕینەوەی یەکتر بووە. لەم ڕووەوە بنبڕکردنی گەندەڵی کە لە هەموو ئۆرگانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕیشەی داکوتاوە، تەنها بە ڕووخاندنی گشت دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە فریوکار و جەنایەتکارە دێتە دێ.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv