لەم دوایییانەدا پەخشان عەزیزی، دەرچووی ئاریکاری کۆمەڵایەتی، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئەمنییەتی ئێڤین لە تاران، بە “بەغی” لە ڕێگەی “ئەندامبوون لە کۆمەڵەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی” تۆمەتبارکرا.
پەخشان عەزیزی لە ماوەی ١٩٣ ڕۆژ دەستبەسەربوونیدا، لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بەسەختی لە ژێر گوشار داندراوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، بەناوی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە لە شارۆچکەی خەرازی تاران دەستبەسەرکرا.
هاوکات لەگەڵ ئەو بەندکراوە سیاسییەدا، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەرکرابوون کە دوای چەند ڕۆژ ئازاد بوون.
شایەنی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ۱۳۸۸، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆی تاران دژ بە سێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەرکرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەممەی ئەو ساڵە دوای ٤ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد بوو.
پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوە لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر باشتربوونەوەی ئەو بارودۆخە کردەوەی لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا ئەنجامدا.