دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیەک لە جوانڕۆ
چوارشەممە ۲۵-۱۱-۱۴۰۲   |  14-02-2024
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان شەعبان موریدی لاوی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی موریدی لەمبارەوە ڕاگەیاند، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دوای هێرش بۆسەر ماڵی بنەماڵەی شەعبان لە شەقامی شافیعی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ شەعبان موریدی لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە شەعبان موریدی پاییزی ساڵی ۱۴۰۱ و لە رەوتی شۆرشی ژینا و هەروەها لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پاییزی ۱۳۹۸ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو.