فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەستنی هەژماری بانکیی کەسبکارانی شاری بۆکان
چوارشەممە ۲۵-۱۱-۱۴۰۲   |  14-02-2024

ناوەندە ئەمنییەکانی رژیم لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو گوشاریان خستووەتە سەر کاسبکارانی شارە جیاجیاکانی کوردستان بەهۆی بەشدارییان لە مانگرتنی ناڕەزایەتیی ئەم دوایییانە لە دژی جێبەجێکردنی سزای چوار بەندکراوی سیاسی و لەم پەیوەندییەشدا هەژماری بانکیی بەشێکی بەرچاو لە کاسبکارانی شاری بۆکان داخراوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەرپرسی بەڕێوەبەریی پیشەسازی و کانگە و بازرگانیی شاری بۆکان، هەژماری بانکیی زۆرێک لە کاسبکارانی ئەو شارە بەهۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتی ئەم مانگە، داخراوە.
بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون، بانکە جیاوازەکانی ئەو شارە وەک “ڕفا” و “میللەت” بە فەرمانی بەڕێوەبەریی پیشەسازی و کانگە و بازرگانی (سمت) هەژماری بانکیی کاسبکارانی ئەم شارەیان داخستووە.
پێشتریش هەژمارە بانکییەکانی کاسبکارانی شارەکانی سەقز و مەهاباد داخرابوون.
شایانی باسە کە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسیی بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پێژمان فاتیحی، هەروەها زۆربوونی ئاماری لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کوردستان، هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.