فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان
پێنجشەممە ۲۶-۱۱-۱۴۰۲   |  15-02-2024

ئەرتەشی ئیسرائیل لە وڵامی هێرشی حیزبوڵلا بۆ سەر باکووری ئەم ولاتە، چەند هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر باشووری لوبنان ئەنجام دا. پاش هاویشتنی ژمارەیەک ڕاکێت لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لەلایەن حیزبوڵلای لوبنانەوە بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل لە وڵامێکی سەربازیدا چەند هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ٣ گوند و ناوچە لە باشووری لوبنان ئەنجام دا. لە کاتی دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس پاش هێرشی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵدا، چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا تا ئێستا هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کوژراوە و ٧ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم هێرشانە بەردەوام باشووری لوبنان و فەرماندەکانی حیزبوڵلای کردووەتە ئامانج و هۆشداری داوە کە ئەگەر حیزبوڵلا کۆتایی بەم هێرشانە نەهێنێت، چارەنووسی غەززە لە پێش لوبنانیشدا دەبێت. لە ئاکامی وڵامەکانی ئیسرائیل بە هێرشەکانی حیزبوڵڵا تاکوو ئێستا، ١٧٥ کەس لە چەکدارانی ئەم گرووپەی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کوژراون. حەسەن نەسروڵڵا سەرکردەی حیزبوڵڵای لوبنان پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئیسرائیل شەڕ لە غەززە ڕابگرێت و بکشێتەوە، حیزبوڵڵای لوبنانیش کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەهێنێت.