لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عەلی باقدەم، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
هاوکات ئەو هێزانە هەڵیانکوتایە سەر گوندی “شێخ عەتار”، ژنبرایەکی عەلی باقدەم بە ناوی سیروان بازرگان و هەروەها لە گوندی “لەنجاوا”ی مەریوان هاووڵاتییەکی دیکەیان بە ناوی حامید ئەمینی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان؛ ئەو سێ هاووڵاتییە بەبێ هیچ هۆکارێک و بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیاری ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.