بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عوسمان مامە، تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی یەک ساڵ و سێ مانگە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بێئاکام ماوەتەوە.
لەو ماوەیەدا، هاوژینی عوسمان مامە چەندجار چووەتە فەرمانداریی بۆکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و تەنانەت ناوەندی سەروویاسایی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ناسراو بە “بەیتی ڕەهبەری”، بەڵام تەواوی ئەو ناوەندانە لە وەڵامدانەوەی ڕوون سەبارەت بە عوسمان مامە ڕێگری دەکەن. شایانی باسە، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی عوسمان مامە و کەسە نزیکەکانیان، بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆخی یاسایی ناوبراو لەگەڵ هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی ناوەندە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە. عوسمان مامە هەتا ئێستا، تەنانەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و هیچ بەڵگە و نیشانێک لە ناوبراو دوای ڕفاندنی نەدۆزراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو پێش بێسەروشوێن بوونی وەکوو کرێکار لە کارگەیەکی پەروەردەکردنی مریشک لە شاری دووکانی هەرێمی کوردستان خەریکی کار بوو و حەقدەستەکەی بە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ژیانی بنەماڵە بە هەژمار دەهات. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، عوسمان مامە، دانیشتووی شاری بۆکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری پارەکە، لە کاتی گەڕانەوەی بەرەو ماڵی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندرا و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.