بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپی میوزیکی “وڵات” بە زمانی کوردی لە لایەن هونەرمەند عەلی کەریمی لە پارێزگای خوراسانی باکوور، لایەنیکەم ٤ کەس کە هاوکاری دروستکردنی ئەم ڤیدیۆ کلیپەیان کردووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و ستۆدیۆی “تەقیزدە” لە شاری ئەسفەراین لەلایەن ئەم هێزانەوە پلۆمپ کراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ ی ڕێبەندان، “حسێن تەقیزادە” دەنگهەڵگر و بەڕێوەبەری ستۆدیۆی تەقیزادە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری ئەسفەراین و هەروەها هەر یەک لە “عەلی دلفراز” دەرهێنەر، “حسێن فیروزە” بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و “جەلال بەراتزادە” کامێرامانی ئەم گوروپە لە شاری بجنۆردی پارێزگای خوراسانی باکوور دوای بانگ کرانیان بۆ ئیدارە ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراون. شایانی باسە، چەندین هاووڵاتیی دیکەش بە ناوەکانی “کەلیم ئەڵڵا توحەدی” توێژەر، “عەلی ڕەزا سپاهی لایین” شاعیر و نووسەر، “ڕۆیا ئیسماعیلنژاد” و “ئەسمەر حەمیدی” هونەرمەند، لە شارەکانی قووچان، شێروان و سسمەلقان کە هاوکاریان کردووە لە بەرهەمهێنانی ئەم ڤیدیۆ کلیپەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی خۆیان بە پەیوەندی تەلەفۆنی هەڕەشەیان لێ کراوە.
هەروەها، عەلی کەریمی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا لە ڕۆیشتن بۆ ئەم ناوەندە خۆی پاراستووە. شایانی باسە، هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر بەسەر دەستبەسەرکرانیاندا، بە پڕکردنەوە بەڵێننامەیەکی نووسراو بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون.