فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستی بەرزدا بەردەوامە
سێشەممە ۰۱-۱۲-۱۴۰۲   |  20-02-2024

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی ڕایگەیاند، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستێکی سەروەوی پێداویستییە بازرگانییەکان بەردەوامە، باسی لەوەش کرد، بەنیازە مانگی داهاتوو بۆ یەکەمجار سەردانی ئێران بکات.
ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز وتی، هەرچەندە کۆماری ئیسلامی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردوو کەم کردووەتەوە، بەڵام هێشتا بە ڕێژەی ٧ کیلۆگرەم لە مانگێکدا و بە خەستیی ٦٠ لەسەد ئۆرانیۆم دەپیتێنێت.
بەپێی ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی ٢٠١٥ کە بە بەرجام  ناسراوە، کۆماری ئیسلامی تەنیا دەتوانێت تا   ٣.٦٧ لەسەد ئۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، تەکلایەنە ئەم ڕێککەوتنەی هەڵوەشاندەوە، کۆماری ئیسلامیش  بەڵێنەکانی پێشێل کرد.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە لە نێوان مانگی جۆزەردان و خەزەڵوەری ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بۆ ٣ کیلۆگرەم لە مانگێکدا کەم کردبووەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ ٩ کیلۆ بەرز بووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ هۆشداری دابوو کە ئەگەر ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆماری ئیسلامی بگاتە سەرووی ٦٠ لەسەد ، ئەوا کەرەستەی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی سێ بۆمبی ناوەکی دەبێت.