بە پێی ڕاپۆرتەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا جەلال ڕەحمانی خەڵکی بۆکان و ئاکۆ (ناوبانگ نادیار) لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دەستبەسەرکران و دوای ئەشکەنجەدران و لێدان و کوتان لەلایەن ئەو هێزانەوە، لە پشتەوە تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا ئەو دوو کۆڵبەرە سەر، لووت و لاقیان بریندار بووە.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕێبەندان، سەلمان ئەمیری کۆڵبەری خەڵکی مەریوان بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی سنووری نەوسوود بە سەختی برینداربوو.
بە پێی زانیاریەکان ئەو کۆڵبەرە بەهۆی بەربوونەوە کەمەری شکاوە و لەبەر ناجێگیربوونی بارودۆخی تەندروستی لە نەخۆشخانەی پاوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گواستراوەتەوە و تا ئێستا یەکجار نەشتەرگەری بۆ کراوە و بڕیار وایە بۆ دووەمین جار، لەو نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێتەوە.