گرووپی سایبێری عداڵەتی عەلی کە پێشتر کامێراکانی زیندانی ئێڤین و دەنگوڕەنگی ڕژیمی هاک کردبوو، لە نوێترین هەوڵی خۆیدا دەزگای دادوەریی ڕژیمی کردە ئامانج و سێرڤێرەکانی هاک کرد.
گرووپی هاککێری عداڵەتی عەلی ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی سایبێریدا توانیویەتی سیستەم و سێرڤێرەکانی دەزگای دادوەریی ڕژیم هاک بکات و دەست بەسەر وردەکارییەکانی ٣ ملیۆن دۆسییەی دادوەری و ژمارەیەک بەڵگەی نهێنیدا بگرێت.
بە وتەی ئەم گرووپە بەشێک لەم بەڵگانە لەلایەن دامەزراوەکانی دیکەی ڕژیم وەک وەزارەتی ئیتلاعات، حێفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕژیمەوە بۆ دەزگای بەناو دادوەری نێردراون.
بڵاوکردنەوەی بەشێک لەم بەڵگانە لەسەر کاناڵی تێلێگرامیی گرووپی عداڵەتی عەلی، کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە.
کاردانەوەکان زیاتر سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ناڕازییان و کەسایەتییە ناسراوەکان، تێچووەکانی دەزگای دادوەری بۆ چاککردنەوەی قامچی و خواردنی گران بۆ کارمەنداکانیان و هەروەها دۆسییەی ژینا ئەمینی بووە.
لە بەشێکی دیکە لە بەڵگە بڵاوکراوەکاندا هاتووە کە دەبێت بەڵگە پزیشکییەکانی ژینا ئەمینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکرێتەوە و لەگەڵ پزیشکانی متمانەپێکراوی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە، لێدوان وەربگیرێت.
بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی دیکە لە بەڵگەکانی گەندەڵییەکانی ڕژیم و دامودەزگاکانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان، دەتوانێت جارێکی دیکە ڕووی ڕاستەقینەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمووان ئاشکرا بکات.