
ناهید خوداجوو، هەڵسووراوی دێرینی سەندیکای کرێکاران، رۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، “کاتژمێر ١٢:٣٠ نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە مەئمورانی ئەمنیەتی ڕژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانی ناهید خۆداجوو لە فەردیسی کەرەج” و دووای زیاتر لە دوو کاتژمێر پشکنینی ماڵ خۆداجوویان دەستبەسەر و راپێچیان کردووە.
ناهید خۆداجوو یهکێک له هەڵسووڕاوانی کرێکاری ناسراو له ئێران که ساڵی ١٣٩٨ له ڕۆژی جیهانی کرێکاردا له بهردهم مەجلیسی شورای ئیسلامی ڕژیم دهستبهسهر کرا و سزای ٥ ساڵ زیندانی بهسهردا سهپێندرا.
دامودەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامی پێشتر هەڕەشەیان لە “ناهید خۆداجوو”، کرێکاری خانەنشینکراو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری “یەکێتی کرێکارانی ئازاد” کردبوو، کە ئەگەر بۆ تێپەڕاندنی سزای زیندانییەکەی، خۆی ڕادەست نەکات دەست بەسەر ئەو بارمەتەیە دەگرن کە لە بەرامبەر ئازادکردنیدا داوییەتی بە دادگا.
لە مانگی ڕابردووەوە کە دوایین هۆشداری لە لایەن دەسەڵاتی دادەوە بۆ کەفیلەکەی خۆداجوو نێردراوە، ئەو هەژمارە بانکییەی کە پارەی خانەنشینی ناوبرای تێدەکرێت، داخراوە.
ناهید خوداجوو لەلایەن دادوەری لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە تەناهی وڵات” و “کردەوەی تێکدەرانە” بە پێنج ساڵ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا.