فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی کارەساتی ئینسانی لەدوای هێرشی زەمینیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر “ڕەفەح”
دوشەممە ۰۷-۱۲-۱۴۰۲   |  26-02-2024

ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیل پێنج مانگە لە جینۆساید و شەڕی جەنایەتکارانەیەکدا کە بەدژی خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین لە کەرتی غەززە بەڕێوەی دەبات، زیاتر لە ٢٩ هەزار کەسی کوشتووە و پتر لە ٦٩ هەزار کەسی بریندار کردووە. زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەم کوژراو و بریندارانە منداڵانن. ئەم ڕژیمە بە پشتیوانیی ئەمریکا، ئاڵمان و بریتانیا و باقیی دەوڵەتەکانی تری یەکیەتیی ئورووپا پێنج مانگە ٢ و نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەم کەرتە ناچار دەکات کە بەبێ هیچ ئیمکاناتێک لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر کۆچ بکەن. تا بەڵکوو بتوانن گیانی خۆیان و منداڵەکانیان لە هێرشی ئەم حکوومەتە جەنایەتکار و فاشیستە بپارێزن. بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی مانگی ڕەشەممە فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی دەوڵەتی ئیسرائیل حەوت جار شاری چکۆلەی “ڕەفەح”یان بوردمان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە سەد کەسی تر لە خەڵکی ئاوارە و بێ خانە و لانە کوژران و خەساراتێکی بەرینیش بەر بینا و ژێرخانە لاوازەکان کەوت. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێران: “دیمەنی ترسناکی جەستەی لەت و پەت بووی منداڵان و ژنان، ویژدانی هەموو ئینسانێکیان ئازار دەدا. ئەو منداڵانەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە شەڕ و دەستگیرکردنی دیلەکاندا نەبووە”.

“ڕەفەح” دوایین شاری چکۆلەی ٢٠٠ هەزار کەسییە لە نزیکیی سنووری میسر کە یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس لە خەڵکی ئاوارەی ناوچەکانی تری فەلەستین پەنایان بۆ بردووە. بەڵام دەوڵەتی فاشیست و گەندەڵی نەتانیاهۆ لەوێش دەستیان لێ هەڵناگرێ و خەریکی هێرش کردنەسەر ئەم شارەیە کە لەئێستادا گەورەترین کەمپی ئاوارەکانی جیهانە. ئەم تاوانە لەبەرچاوی دەوڵەتانی مودەعیی درۆینەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەوانە ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا لە حاڵی ئەنجامدایە کە وێڕای دانی چرای سەوز و پارە و ئیمکاناتی جەنگی بۆ ئەنجامدانی ئەم جەنایاتە، جاروبارە وەبیر ئیسرائیلی دێننەوە کە: “هەوڵ بدات تەڵەفاتی خەڵکی سیڤیل کەم بکاتەو و بەر لەوەیکەی هێرشی زەمینی بکاتە سەر ڕەفەح ئەم شارە چۆڵ بکات”. هەڵبەت ئەوان باش دەزانن کە ئەم هەوڵانە نە لەئارادان و نە مومکنیشە. چونکە هیچ شارێکی تر نەماوە تا خەڵکی فەلەستین بۆ ئەوێ کۆچ بکەن و دەوڵەتی میسریش سنوورەکانی خۆی بەرەوڕووی ئاوارەکان داخستووە. دەوڵەتی فاشیست و جەنایەتکاری نەتانیاهۆ دەیهەوێ یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئینسان ڕەوانەی ناوچەیەکی بیابان بە بەرینایی ١٦کلیۆمتری چوارگۆشە بەناوی “ئەلمەواسی” بکات کە نە ئینسان و نە هیچ ئیمکاناتێکی ژیان و تەنانەت ئاویشی لێ نییە. ئەمەیە گەڵاڵەی بەناو “مرۆڤدۆستانە”ی دەوڵەتی ئیسرائیل و فرمێسکی درۆینەی دەوڵەتانی پشتیوانی، کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنیدا بێگومان یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی ئەم سەدەیەی لێدەکەوێتەوە.

سەرەڕای تووڕەیی و بێزاریی جیهانی و بیروڕای گشتی لەئاست شەڕی وەحشیانەی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی غەززە و دەربڕینی موخالفەتی زاهیریی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا، دەوڵەتی ئیسرائیل لە حاڵی ئامادەکاریی هێرشی زەمینی بۆسەر شاری ڕەفەحە. بنی گانتس سەرۆکی پێشووی ئەرتەش، بۆ جارێکی تر هۆشداری داوە کە: “ئەگەر حەماس لەگەڵ ئازادیی باقیی دیلەکان هەتا دەستپێکی مانگی ڕەمەزان موافقەت نەکات، ئیسرائیل هێرشی زەمینی دەکاتە سەر شاری ڕەفەح”. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە چالاکانی سەربەخۆ و چوار ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە وەزعیەتی ئینسانی لە کەرتی غەززە “غەیری قابیلی تەحەمول”ە. چونکە سەدان هەزار کەس لەوێ بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە خۆراک، ئاو و پێداویستیی پزیشکی مەترسیی مەرگیان لەسەرە و داوایان لە دەوڵەتی نەتانیاهۆ کردووە کە پابەندی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بێت. بێجگەلە ئەم ناوەندانەی مافی مرۆڤ، ١٣ ئاژانسی فریاگوزاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێنج گرووپی دیکەی فریاگوزاری، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی مانگی ڕەشەممە لە داوایەکی هاوبەشدا لەئاست پەرەسەندنی برسیەتی و قەیران و کارەساتی ئینسانی لە غەززە هۆشداریان دا و خوازیاری ئاگربەست و کۆتایی دەستبەجێی شەڕ بوون.

بەڵام ئەوەش کۆتایی کار نابێت. دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل دوای گەیشتن بە ئامانجەکانی کە بریتییە لە نابوودیی گرووپی تیرۆریستیی حەماس و ئازادیی نزیکەی ١٠٠ دیلی ژێر دەستی حەماس و دابینکردنی ئەمنیەتی خەیاڵی بۆ خۆی، دەیهەوێ گەڵاڵەیەکی دیکە بەمەبەستی بەناو ئیدارەی ناوچەی غەززە دوای کۆتایی شەڕ بەکردەوە دەربێنێت. ئەم گەڵاڵەیەش بێجگەلە درێژە و پەرەپێدانی داگیرکاری شتێکی تر نییە. هەواڵنێریی ڕوویتێرز ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی مانگی ڕەشەممە ئاشکرای کرد کە یەکێک لە کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە: “ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوە دایە کە دوای کۆتایی شەڕ تا ماوەیەک بۆ تاقیکردنەوە هێندێک لە کاروباری”مرۆڤدۆستانە”ی ڕۆژانە لە کەرتی غەززە بەو فەلەستینییانە بسپێرێ کە هیچ پەیوەندییەکیان نە بە حەماسەوە هەبێت و نە بە تەشکیلاتی خودگەرانی فەلەستینەوە”. ئەم پلانە ناکارامەیە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە پێش زەمینەی دروستکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە لە دوای جەنگ ناوی بردووە، دەستبەجێ ڕووبەڕووی دژایەتی توندی حەماس و تەشکیلاتی خودگەردان بووەوە.

بەم حاڵەوە هێدێک هەوڵ و وتووێژ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە و بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەئارادایە. دەوڵەتی ئەمریکا کە هەتا ئێستا بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل گەڵاڵەکانی ئاگربەستی مرۆڤدۆستانە و درێژماوەی شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڤێتۆ کردووە، بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانی لەڕێگەی ئاگربەستێکی کاتییەوە دەیهەوێ یارمەتیی ئیسرائیل بدات بۆ ئازادکردنی دیلەکانی.

لە وەها بارودۆخێکدا ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی هاوپەیمانی بەوە گەیشتوون کە تەنها ڕێگای چارەسەرکردنی مەسەلەی فەلەستین بە گەڵاڵەی پێکهێنانی دوو دەوڵەت مومکین دەبێت. ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی مانگی ڕەشەممە جۆزێف بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی ٢٠ ڕایگەیاند کە: “هەموو دەوڵەتە بەشداربووەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە گەڵاڵەی پێکهاتنی دوو وڵات تاکە چارەسەری ئاشتییە لە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین و بەبێ ئەو گەڵاڵەیە ئاسایشێکی سەقامگیر بۆ ئیسرائیل بوونی نابێت و ئاشتی تەنها وەهمێک دەبێت”.

بەڵام ئەوەی ئێستا پێویستە و بەپەلە و ئەولەویەتە کۆتاییهاتنی یەکلاکەرەوەی شەڕ و گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە بۆ شار و زێدی خۆیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی وێرانکراوی غەززەیە. بێگومان پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لە تەنیشت ئیسرائیل، بە ستراتیژی گەڕانەوە بۆ سنوورە جوگرافییەکانی ساڵی ١٩٦٧، ڕێگاچارەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشەی فەلەستین. ڕێگاچارەیەک کە خۆڕاگری و گیانفیدایی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و بزووتنەوەی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ ئەم نەتەوە ستەملێکراوە، خستوویەتە ئاسۆوە.


وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە