بەپێی ڕاپۆرتەکان، شاهین گەلەداری بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “حەکی” سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە ماوەی دوو ساڵەی سزای بەندکرانەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە تێپەڕ دەکرد، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەشەممە، بەشێوەیەکی گوماناوی لەو زیندانە گیانی لە دەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە بەندکراوان و بنەماڵەی گەلەدارییان ڕاگەیاندووە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆی کوشتووە. شایانی باسە، تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادی ورمێ گواستراوەتەوە. شاهین گەلەداری لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و تەنانەت سمێلیان تاشیوە. شاهین گەلەداری ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو. ناوبراو ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی” سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.