ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە، غوڵامحوسێن مۆحسێن ئێژەیی سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، داوای لە هەموو هێزە سەرکوتگەرەکانی وەک؛ هێزی سەربازانی گومنام، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بەسیجی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا و فەراجا کردووە، ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە کە بڕیار وایە شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم بەڕێوە بچێ بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
ئەو کاربەدەستەی ڕژیم لە بەشێکی قسەکانیدا ئەم هەڵبژاردنەی بە هەڵبژاردنێکی هەستیار و گرینگ ناو بردووە و وتوویەتی کە داوا لە هەموو بەرپرسان و ناوەندە دادوەرییەکانیش دەکەم کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخ و پاراستنی ئەمنییەتی خەڵک هەوڵی خۆیان بدەن.
کاربەدەستانی ڕژیم بۆ بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنی ئەمساڵ ترسی ڕاپەرینی خەڵک بە دژی دەسەڵاتیان لێ نیشتووە و هەر لە ئێستاوە باس لە هەبوونی دەستی دەرەکی و خۆ ئامادەکردنی دوژمن بۆ تێکدانی ئەمنییەت دەکەن و هەر بە ناوی هەبوونی دوژمن بڕیاری ئامادەباشی بە هەموو هێزەکانیان دراوە.
دوای شۆڕشی سەرانسەریی ژینا لە ئێران ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی ڕژیمە کە بەڕێوە دەچێ و کاربەدەستانی باڵای ڕژیم بە باشی دەزانن کە خەڵکی وەگیان هاتوو بۆ دەرفەتێک دەگەڕێن کە بێزاری و نەفرەتی خۆیان بەو ڕژیمە نیشان بدەن.