ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەممە تیم لێندرکینگ دیپلۆماتی باڵای ئامریکا، بە کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان لە ناو وڵاتی یەمەندا پشتیوانی لە هێرشەکانی حوسییەکان دەکەن.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: کە کۆماری ئیسلامی لە حاڵی هەناردنی کەلوپەلی سەربازی و ئاسانکاری بۆ هێرشی حوسییەکانە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دڵنیام خەڵکی یەمەن نایانهەوێ کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێو وڵاتەکەیاندا بن و دەبێ ئەو هێزانە بە زووترین کات لەوێ نەمێنن.
کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە گرووپە موقاومەتییەکانی وەکوو حوسییەکان بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکەن.
شایانی باسە کە گرووپی حوسییەکانی یەمەن لە چەند مانگی ڕابردوودا بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٠ جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، و خۆیان دەڵێن کە ئەو هێرشانە وڵامێکن بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و پشتیوانی لە فەلەستین دەکەن.
هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا تا ئێستا چەندین جار لە وڵامی ئەو هێرشانەی حوسییەکان و تێکدانی ئەمنییەتی دەریای سوور هێرشیان کردووەتە سەر پێگە و دامەزراوەکانی حوسییەکان لە یەمەن.