چالاکێکی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە شاری ورمێ کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە دواتر هەڵوەشایەوە و سزای بەندکردنی بەسەردا سەپا، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا ئیلهام چووبدار، چالاکێکی کۆمەڵگەی کەمایەتییە ڕەگەزی و جێندەرییەکان لە ئێران، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٣ ساڵ سزای داسەپاو بەسەریدا، دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە کە تەمەنی ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری ورمێیە، هاوینی ساڵی ڕابردوو، لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ سارە (زارا) سدیقی هەمەدانی و خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “فساد فیالارض” لە ڕێگەی “برەودان و بەرەوپێشبردنی هاوڕەگەزخوازی” و “برەودان و بەرەوپێشبردنی ئایینی مەسیحی” و هەروها پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
دواتر ئەم سزایە لەلایەن دادگای باڵای ڕژیمەوە هەڵوەشایەوە و ئیلهام چووبدار ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەشەممەی سالی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان؛ ناوبراو لە پاییزی ئەمساڵدا سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر کراوە و هەتا ئیستاش لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ دا ڕاگیراوە.