بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممە، سزای بەندکران لە ماڵەوە بۆ “مەهوەش تەوەسولی” لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە خستنەکاری پێبەندی ئەلیکترۆنی جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەهوەش تەوەسولی سزای بەندکرانەکەی لە مەودایەکی دیاریکراو لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری پیرانشار تێپەڕ دەکات. شایانی باسە، “بە مەهوەش تەوەسولی ڕاگەیەندراوە کە تەنانەت یەک ڕۆژ لە دەورەی بەندکرانەکەی لە ماڵەوە کەم ناکرێتەوە.” جێگای ئاماژەیە، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، مەهوەش تەوەسولی، بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای ٢١ مانگ بەندکرانی لە ماڵەوە بە بەکارهێنانی پێبەندی ئەلیکترۆنی، لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشار بەسەردا سەپێندرا. هاوکات ئەو دادگا سزای سێ ساڵ بەندکرانی بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئەمنیەتی میللی” بەسەر جووتیار ئەشرەفزادە، هاوسەری مەهوەش تەوەسۆلیدا سەپاند.
مەهوەش تەوەسولی و جووتیار ئەشرەفزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری پارەکه، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەرکران و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوون.