ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “گوڵچێر”، سەر بە شاری مەریوان بە ناوی “خەبات وەیسی”، بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی بەندکرانەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی ئەمشارە کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاوڵاتییە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژیم” بە ١٥ مانگ بەندکران سزا درابوو. خەبات وەیسی، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ناوبراو سەرلەنوێ ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.