مارک واڵاس بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوەکی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ تەمیم ئالەسانی ئەمیری قەتەر جارێکی دیکە بە بەشداریکردنی سپای پاسداران و کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیی لە پیشانگای نێودەوڵەتیی بەرگریی دەریایی دۆحە، ناڕەزایەتیی نیشان دا.
لەم نامەیەدا بە ئاماژەدان بە گەمارۆی سەر فەرماندە نیزامیەکانی ڕژیمی ئیسلامیی و تەرخانکردنی ژوورێک بۆ وەزارەتی بەرگریی ڕژیم لە پیشانگاکەدا، ڕەخنەیەکی توند لە دەوڵەتی قەتەر گیراوە و بڕیاری ڕێگەدان بە بەشداریی ڕژیم لەو پێشانگایەدا، وەک ڕەواییدان بە سپای پاسداران و وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دراوە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا بە ئاماژەدان بە پشتیوانیی قەتەر لە گرووپی حەماس و ڕێگەدان بە ڕێبەرانی ئەو گرووپە لە خاکەکەیدا هاتووە کە سپای پاسداران تەنیا گرووپێکی تێرۆریستی نییە کە لەلایەن قەتەرەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.
هەروەها لەو نامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە قەتەر بە وەرگرتنی ڕێبەرانی حەماس لە وڵاتەکەیدا و دابینکردنی دارایی بۆیان، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە هێرشی تێرۆریستیی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەبووە.