فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تاوانێکی خۆفناک لە کەرتی غەززە، گولـلەباران لە جیاتی نان
چوارشەممە ۱۶-۱۲-۱۴۰۲   |  06-03-2024

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی فێوریە، بەرابەر لەگەڵ ١٠ی ڕەشەممە، سەربازانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل تەقەیان لەو خەڵکە کرد کە لە نزیک شاری غەززە چاوەڕێی هاتنی بارهەڵگرەکانی خۆراک بوون. بەهۆی ئەم تاوانە ترسناکە لانیکەم ١٠٤ کەس کوژران و زیاتر لە ٧٠٠ کەسیش بریندار بوون. ئەم تاوانە لە کاتێکدا ڕوویدا کە هەزاران کەس لە خەڵکی غەززە لە تاریکی شەودا چاوەڕێی ئەوە بوون تا بگەنە بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری، بەو هیوایەی کە تیکە نانێک بۆ خۆیان و کەسوکارەکانیان بەدەست بێنن. سەربازانی ئیسرائیل بە بیانووی ئەوەی کە بەشێک لەو خەڵکە لە تانکەکانیان نزیک بوونەتەوە، تەقەیان لێکردن. ئەرتەشێک کە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە بەرەو ئەملا زیاتر لە سی هەزار کەس لە خەڵکی کەرتی غەززەی کوشتووە، ئەمجارەیان لەژێرناوی گەیاندنی خۆراک بۆ قوربانییان، لە جیاتی نان گولـلەیان بۆ خەڵکی برسی کردە دیاری. ئەم قوربانییانە نە گوردانە چەکدارەکانی حەماس بوون و نە هێزەکانی حەماس وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دێنان. ئەوان بەشێکی بچووک بوون لە دانیشتووانی غەززە کە چەندین مانگە لەو ناوچەوە بۆ ئەم ناوچە، لەو خێوەتەوە بۆ ئەم خێوەت ڕادەگوێزرێن تا ڕژیمی داگیرکەر بتوانێ بە دڕندەیی بێوێنە سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی خۆی بەڕێوەببات.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان چەندین جار لەئاست قەیرانی برسێتی بەرین و گیانلەدەستدان و برسێتی هەزاران کەسیی خەڵکی غەززە هۆشدارییان داوە. ئەوان گەلێک جار هۆشدارییان داوە کە بڕینی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی بەربەستی جیددیی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی غەززە پێکهێناوە. زیاتر لە حەفدە ساڵ گەمارۆی غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل ببووە هۆی ئەوەیکە بەرلە حەوتی ئۆکتۆبر ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ بارهەڵگری خۆراک و دەرمان بگاتە غەززە، بەڵام لەئێستادا ئەم ژمارەیە بۆ ٩٠ بارهەڵگر کەمی کردووە. ئەویش لە بارودۆخیکدا کە هەموو ژێرخانەکانی کەرتی غەززە نابوود بوون و هەر ئەم ئیمکاناتە کەمەش بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک لەناوچووە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژانە باس لەو منداڵانە دەکات کە بەهۆی نەبوونی دەرمان و چارەسەر و خۆراک لە نەخۆشخانەکان گیان لەدەست دەدەن. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون. دەیان هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و زیاتر لە حەڤدە هەزار منداڵیش بێ ماڵ و حاڵ بوون یان لە خێزانەکانیان دابڕاون.

حکومەتی ئەمریکا و هەموو ئەو حکومەتانەی کە فرمێسکی درۆینە بۆ قوربانیانی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە دەڕێژن و لە هەمان کاتدا بە ناوی “بەرگری لە خۆ”ەوە پاساو بۆ تاوانەکانی حکومەتی داگیرکەر دەهێننەوە، دەستیان بە خوێنی ئەم قوربانییانە سوورە و پێویستە لەئاست ئەم تاوانە بێسنوورانەدا وڵامدەوە بن. هەموو ئەوانەی وا باس لەوە دەکەن کە باری گرانی چەندین سەدە دژەیەهوودی بوون لەسەر شانیان قورسایی دەکات و زیاتر لە هەموویان دەوڵەتی ئاڵمان، لەئێستادا لەپێناو بەناو ئارامیی ویژدانەکان نەتەنها چاویان بەسەر کوشتار و پاکتاوی نەتەوەیی دەوڵەتی داگیرکەردا بەستووە، بەڵکوو لەوپەڕی بێشەرمیدا هەمووجۆرە ڕەخنەیەک لەئاست ئەم داگیرکارییە “دژەیەهوودی بوون” پێناسە دەکەن. لە وەها کێبڕکێیەکی بێشەرمی و ڕیاکاریی تەبلیغاتیدا کە بە قازانجی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل کەوتووەتە ڕێ تەنانەت ئەو یەهوودییە بەڵێندارانەی کە بەدژی تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەنگیان هەڵبڕیوە، بە مۆری دژەیەهوودی کپ دەکەن و ئەم دووڕووییە ئاشکرایە لە هەموو شوێنێکدا نیشان دەدەن.

“یوڤاڵ ئابراهام” دەرهێنەری ئیسرائیلی، تەنها پێنج ڕۆژ دوای ئەم تاوانەی حکومەتی داگیرکەر و ڕۆژێک پێش کۆتایی هاتنی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین، خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فێستیڤاڵەی لەگەڵ “بازل ئەلعەدرا”، سینەماکار و ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی وەرگرت. فیلمی دۆکیۆمێنتاری “هیچ خاکێکی تر نییە” ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان بەهۆی توندوتیژیی دانیشتوانی ئیسرائیلییەوە لە “موسافر یاتا” کە یەکێکە لە گوندەکانی لێواری ڕۆژئاوا، نیشان دەدات. ئابراهام لەسەر شانۆ بۆ نیشاندانی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی لە ئیسرائیل وتی: دوای دوو ڕۆژی تر ئێمە دوو هاوکار دەگەڕێینەوە بۆ وڵاتێک کە تێیدا مافی یەکسانمان نییە. لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە کوشتنی خەڵکی غەززە، سیاسەتی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینییەکان بە “ئاپارتاید” ناوبرد و داوای ئاگربەست لە کەرتی غەززە کرد. تەنیا ڕۆژێک بەسەر قسەکانیدا تێپەڕیبوو کە شەپۆلێک لە هەڕەشە و سوکایەتی ئاراستەی کرا. بەر لە هەمووان ئەوە سیاسەتمەدارە ئاڵمانییەکان بوون کە قسەکانی ئەویان بە نموونەی “دژە یەهوودی بوون” پێناسە کرد و داوایان لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کرد کە سنوورێک بۆ قسەکانی دابنێن. بەڵام تەنها سیاسەتمەدارانی ئاڵمانی نەبوون کە بە دژە یەهوودی بوون تۆمەتباریان کرد. ڕەوتە دەستی ڕاستییەکانی ئیسرائیل لەوە زیاتریش ڕۆیشتن و شەپۆلێکی هێرشی هەڕەشەئامێزیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی دەستپێکرد. ناوبراو وێڕای ئاماژە بەم هێرشە وتی کە دەیهەویست ڕۆژی دوای مەراسمی ئیختتامیە بگەڕێتەوە ئیسرائیل، بەلام لەو کاتەوە ئاگادار بووەوە کە میدیاکانی ئیسرائیل وتەکانی ئەویان دژەیەهوودی وەسف کردووە، لە سەفەرەکەیدا بەرنامەکانی خۆی لە کاتی وەستانی لە یونان گۆڕی. ئابڕاهام وێڕای ئاماژە ئەوەیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، جەختی کردەوە کە چەندین کەس چوونەتە ماڵی خانەوادەکەی لە ئیسرائیل و هەڕەشەیان لێکردوون. ڕووداوێک کە بەوتەی ئەو ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ترسی گیانی خۆیان ناچار بوون شوێنی ژیانیان جێبهێڵن. ئەو لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی “گاردیەن” وتی: “مانەوە لە خاکی ئاڵمان وەک منداڵێکی ڕزگاربوو لە هۆلۆکاست و بانگەشەی ئاگربەست و دواتر تۆمەتی دژەیەهوودی لێدان نەتەنیا زاڵمانەیە، بەڵکوو بە مانای ڕاستەقینەی وشە گیانی یەهوودییەکان دەخاتە مەترسییەوە”. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بەوەیکە نیگەرانی هاوکارە فەلەستینییەکەی بازل ئەلعەدرا، وتی: “بازڵ دوای فێستیڤاڵەکە گەڕاوەتەوە گوندەکەی خۆی لە لێواری ڕۆژئاوا کە لەلایەن شارۆچکەنشینە ئیسرائیلییەکانەوە گەمارۆ دراوە و ئەرتەش و شارۆچکەنشینان هەرکات بیانهەوێ دەتوانن تۆڵەی لێ بستێننەوە. بازل ئەلعەدرا لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا داوای لە دەوڵەتی ئاڵمان کردبوو کە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت، چونکە ئیسرائیل لەحاڵی قەتڵوعامکردنی خەڵکی غەززەدایە.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرەڕای پڕوپاگەندەی بەرفراوانی میدیاکانی پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەر، مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخواز لە ئاستێکی بەریندا لە مانگەکانی ڕابردوو هاتووەتە مەیدان و بەئاشکرا سیاسەتی جەنایەتکارانەی دەوڵەتی ئیسرائیلی بە جینوساید پێناسە کردووە و پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی فەلەستین ڕاگەیاندووە. ئێستا ئیتر دوو بەرە لە بەرامبەر یەکدا بەڕیز بوون. لە بەرەیەکەوە مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخواز و لە بەرەکەی دیکە دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا و دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل. بزووتنەوەی خەبات بۆ ئازادیی فەلەستین، ڕەوتە پێشڕەوەکانی ناو یەهوودییەکان و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەتوانێ و دەبێ کۆتایی بەم کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە بێنێت.