بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممە، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی محەممەد میرانی خەڵکی گوندی “بانەوڕە”ی سەر بە شاری پاوە، لاقی بە سەختی بریندار بوو و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گواسترایەوە. هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بەناوی ئەبووبەکر سەر و دەستی بریندار بووە.
لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممە، دوو کۆڵبەر بەناوەکانی عەتا حوسێنی و ئەفشین نەزەری، لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە بریندارکران.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، عەتا حوسێنی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی پاوە سینگی بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە پێکراوە و بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. ناوبراو تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی منداڵێکە.
هەروەها ئەفشین نەزەری، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سنووری نەوسوود دەستبەسەرکرا و لە ئەنجامی لێدان و کوتان لەلایەن ئەو هێزانەوە دمووچاوی بریندار بووە.