فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕنانەوەی “حوسییەکان” لە ناوچەکە بەئامانجی سازان و موعامەلە
شەممە ۱۹-۱۲-۱۴۰۲   |  09-03-2024

تاقمی ئیسلامیی حوسی کە فەرمانڕەوایی بەشی باکووری یەمەن دەکات، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممە، بەرپرسیارێتی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری یۆنانی لە نزیک کەنداوی عەدەن (یەمەنی باشوور) ڕاگەیاند. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و نووسیی کە لە ئەنجامی ئەم هێرشە مووشەکییەدا، دوو کەس لە خزمەتگوزارانی کەشتییەکە کوژراون و چوار کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها چارەنووسی ٢٠ خزمەتگوزار و سێ پاسەوانی ئەم کەشتییە نادیارە. ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتای هەفتەی ڕابردوو کەشتییەکی بارهەڵگری ئینگلیس کرایە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان و بەهۆیەوە نوقم بوو. ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە هەبوو. ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەممەش “سنتکام” ستادی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند کە مووشەکێکی بالستیکی دژی کەشتی و سێ درۆنی هاویشتراوی حوسییەکان بەرەو کەشتییەکی ئەمریکایان لە دەریای سوور بەرداوەتەوە. هەروەها سێ مووشەکی دیکە و سێ شناوەری سەتحیی حوسییەکانیان تەقاندووەتەوە. پێویستە بوترێ کە لە مانگی خەزەڵوەری ڕابردووەوە هەتا ئێستا حوسییەکان زۆر جار کەشتییە تیجارییەکانیان لە ناوچەی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج.

جموجۆڵی نیزامیی حوسییەکان لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە یەمەن یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهانە. بارودۆخی ئابووریی یەمەن بەگشتی و لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان بەتایبەتی یەکجار قەیراناوییە و خەڵکی ئەم ناوچەیە ساڵەهایە لە هەژاری و برسییەتی و کوشتار و نائەمنیدا بەسەر دەبەن. گرووپی ئیسلامیی حوسی لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە هاندان و یارمەتیی نیزامی و تەسلیحاتیی ئامانجداری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی هەژاری یەمەنی لە باکووری ئەم وڵاتە لە شەڕێکەوە بردووەتە ناو شەڕێکی دیکەوە. ئەوان لە ساڵی ٢٠١٤دا بە وەڕێخستنی شەڕی ناوخۆیی و بە شکستدانی دەوڵەتی گەندەڵی “عەبد ڕەبە مەنسوور هادی” کە لەلایەن عەرەبستانی سعوودییەوە پشتیوانیی لێدەکرا، سەنعا پایتەختی یەمەنیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و لە دوای ئەمەش لە شەڕێکی کۆنەپەرستانەی هەشت ساڵە لەگەڵ عەرەبستان، قەیرانی ئابووری و هەژاری و نەهامەتی و کوشتاری زیاتریان بەسەر خەلکی بێبەش و ستەملێکراوی یەمەندا سەپاند. ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە بوو بەهۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و وێرانبوونی باقیی ژێرخانە لاوازە ئابوورییەکانی یەمەن. ئەم شەڕە نیابەتییە دژەئینسانی و جەنایەتکارانەیە، لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا لەگەڵ دەستپێکی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان بە نێوەندگیریی چین، بەکردەوە خرایە پەراوێزەوە و کۆتایی هات.

بەڵام لەگەڵ داگیرسانی شەڕی ڕەگەزپەرستانەی ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە، حوسییەکان بەبیانووی بەرگری لە خەڵکی فەلەستین بەکردەوە چوونە ناو ئەم شەڕەوە. ئەوان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە بە هێرشی مووشەکی و درۆنی، کەشتییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە لە کەندئاوی عەدەن و باریکەی “بابولمەندەب” و دەریای سوور تێدەپەڕن و هاتوچۆی ئیسرائیل دەکەن. گرتنەبەری وەها سیاسەتێک ئەگەرچی ئاکامی بنبەست و داماویی حوسییەکان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە، بەڵام لە هەمان حاڵدا یاری کردن بە ئاگریشە. بێگومان ئەم هێرشانە بەسەرنجدان بە گرینگ بوونی ئەم ناوچەیە لەبواری ستراتێژیکەوە بۆ بەرژوەندی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی سەرمایەداری، بەرەوڕووی کاردانەوەی نیزامی ئەوان دەبێتەوە. هەرچەند هەتا ئێستاش هێرشی مووشەکی و درۆنیی حوسییەکان بۆسەر کەشتیی دەوڵەتانی دیکەش بە بومباران و ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی وڵامی پێدراوەتەوە. ئاکامی شەڕنانەوەی حوسییەکان هەتا ئێستا سەرەڕای ئەوەیکە بووەتە هۆی لەناوچوونی بەندەر و پایەگا و ئیمکاناتی نیزامیی حوسییەکان، بۆ خەڵکی هەژاری یەمەنیش ئاکامی یەکجار کارەساتباری بەدواوە بووە. هەروەها لەم دوایانەدا دەوڵەتی ئەمریکا دووبارە تاقمی حوسییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆریستیی خۆیەوە کە یەکێک لە ئاکامەکانی داسەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەدژی ئەم گرووپە دەبێت. هەڵبەت دووکەڵەکەی لە دەرەجەی ئەوەڵدا دەچێتە ناو چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی یەمەنەوە.

ڕەوتی ئیسلامی و کۆنەپەرستی حوسییەکان بە چوونە ناو ئەم شەڕە وێرانگەرەوە بۆ جارێکی تر ژیان و گوزەران و ئەمنیەتی خەڵکی یەمەنی خستووەتە بەردەم کوشتار و وێرانییەکی دیکەوە. بەرهەمی بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتانە کە بە ڕاوێژ و ڕێنمایی و یارمەتیی بێدەریغی دارایی و سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێت، هەتا ئێستا بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی یەمەن بێجگەلە پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەت، بێکاری، کوشتار و نائەمنی شتێکی تر نەبووە. بە پێی ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری، ژیان و گوزەرانی زیاتر لە ٨٠%ی خەڵکی یەمەن بە ناردنی یارمەتییە مرۆییەکانەوە گرێدراوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کۆمەکی تەسلیحاتی و نیزامیی بێدەریغ بە حوسییەکان، بەردەوام ئەوانی لەپێناو ئامانج و بەرژوەندی ناوچەیی خۆی بەرەو داگیرساندنی شەڕ هان داوە. حکوومەتی ئیسلامی سەرەڕای ئیدیعای دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و بەڵێنی نابوود کردنی، لەماوەی پێنج مانگ شەڕی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی غەززە، هیچ هەوڵێکی دژبە ئیسرائیل ئەنجام نەداوە. بەڵام داماوانە و هەلپەرستانە هێرشی حوسییەکان بۆسەر کەشتییەکان لە ناوچەکە بە حیسابی خۆی و ئەوەیکە ناوی ناوە “میحوەری موقاومەت” پێناسە دەکات.

بەڵام حوسییەکان کە ساڵەهایە لە بنبەستی سیاسی و ئابووریدا گرفتار بوون و لە پێکهێنانی هەرجۆرە ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنێک لە ئیدارەی کۆمەڵگا داماو و بێتوانان، ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکان درێژە دەەدن. ئامانجی ئەوان لە درێژەی ئەم هێرشانە نەک پشتیوانی و داکۆکی لە خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین لە بەرامبەر ئیسرائیل، بەڵکوو کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتێکە کە شەڕی غەززە بۆیانی فەراهەم کردووە. حوسییەکان دوو حەفتە دوای دەستپێکی شەڕی فاشیستیی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی غەززە، هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆسەر کەشتییە تیجارییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی غەدەن لەژێرناوی دیفاع لە خەڵکی غەززە دەستپێکرد. لە ڕاستیدا مەبەستی ئەوان لەم هێرشانە، ناردنی پەیامە بۆ ئەمریکا و حکوومەتەکانی دیکەی ئەورووپا بۆ ئەوەی داوای بەشیان بکەن و لەگەڵیان موعامەلە و سازش بکەن. تا بەڵکوو لەم ڕێگەوە بتوانن بنبەست و قەیرانی ئێستای خۆیان کەم بکەنەوە و بۆ ماوەیەکی تر نیمچە دەسەڵاتی قەیران لێدراو و ئیفلاسی خۆیان لەسەر پێ ڕابگرن. ئەوە هەر ئەو سیاسەتەیە کە ساڵەهایە کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی گرتوویەتە بەر. هەر بەم هۆکارە سەرەڕای ئیدیعای زاهیریی حوسییەکان سەبارەت بە پشتیوانییان لە خەڵکی غەززە لەڕێگەی هێرش بۆسەر کەشتییەکانی ئەمریکا و ئینگلیس و هێرش بۆسەر ئەو کەشتییانەی کە کاڵا بەرەو ئیسرائیل دەبەن، لەم ماوەیەدا تەنها ئەو کەشتییانەیان کردووەتە ئامانج کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسرائیل و ئەمریکا و ئینگلیسەوە نەبووە. بێگومان هەروەک چۆن پەنابردن بۆ سیاسەتی شەڕخوازانە و فراوانخوازی نەیتوانیوە هەتا ئێستا قەیرانەکانی حکوومەتی ئیسلامی چارەسەر بکات، بۆ حوسییەکانیش سوودێکی نابێت. چونکە مانەوەی دەسەڵاتەکان نەک بە سیاسەتی شەڕخوازانە و تیرۆریستی لە ناوچەکە بەڵکوو لەڕێگەی چارەسەرکردنی قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەوە زەمانەت دەکرێت. بێگومان ئەم بابەتەش لە توانای حکوومەتەکانی سەرمایەداری بەتایبەت لەجۆری ئیسلامیدا نییە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە