فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (بەشی دووهەم)
دوشەممە ۲۱-۱۲-۱۴۰۲   |  11-03-2024

لە بەشێک لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلێنۆمی شەشی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و باسە پەیوەندیدارەکان، گەشە و پەرەسەندنی دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئاراستەی ناتەبا لەئاکامی درێژەی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری و بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لەم بەشە لە باسەکاندا تەئکید کرا کە درێژەی قەیرانی ئابووری و بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئاراستەی ناتەبا، خەباتی کرێکاری و ڕەوتە ڕاستە توندئاژۆکانی بەشێوەی هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ یەک پەرەپێداوە.

لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چینی کرێکار لە ئەمریکا دوای چەندین دەیە ڕکوود و فریزی حەقدەستەکان، دەستی دایەوە ناڕەزایەتی. زیاتر لە نیو ملیۆن کرێکار لە بەشە جۆراوجۆرەکان لەپێناو بردنەسەری حەقدەست مانگرتنیان بەڕێوەبرد. کرێکارانی ئۆتۆمبێل لە سێ شیرکەتی گەورەی فۆرد، جێنێڕاڵ مۆتۆرز و ستێلانتیس لە ڕێکخستنی ئەم مانگرتنانەدا دەورونەخشێکی بەرچاویان بینی. کرێکارانی لۆکۆمۆتیوسازی، پەرستاران و کارمەندانی بەشی تەندروستی، کرێکارانی باقیی بەشەکانی بەرهەمهێنان، مامۆستایان و ڕۆژنامەوانان بەشێک لەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە بوون لەپێناو بردنەسەری حەقدەست و باقیی خزمەتگوزارییەکانیان. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە ئاوێتەی خەبات بەدژی بوروکراتیسمی ناو یەکیەتییە کرێکارییەکان بووە. لە وڵاتانی ئورووپاییش لەحاڵێکدا کە دەوڵەتەکان و خاوەنانی سەرمایە دوای قەیرانی کۆرۆنا و لەگەڵ شەڕی ئیمپریالیستیی ئۆکراین ڕوویان کردووەتە چەوساندنەوەی زیاتری کرێکاران، لەبەرامبەردا کرێکارانیش بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و کاریان و بەدژی لەناوبردنی پیشەکان و کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینان و حاڵەتەکانی تری لەم جۆرە، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی. لە فەڕانسە چینی کرێکار بە هاوڕێکردنی بێبەشانی کۆمەڵگا سەدان ناڕەزایەتی و مانگرتنیان لە دژی زیادبوونی تەمەنی خانەنشینی ڕێکخست. کرێکارانی هێڵی ئاسن، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە و بەشەکانی دیکەی فەڕانسە لەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو. کرێکاران لە بەریتانیا بۆ قەرەبووکردنەوەی هاتنەخواری ئاستی حەقدەستی ڕاستەقینە مانیان گرت و ڕژانە سەر شەقامەکان. کرێکارانی هێڵی ئاسن، پەرستاران، پێرسۆنێلی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە و مامۆستایان بەشێکی سەرەکیی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە بوون. لە ئاڵمان چەندین جار دەیان هەزار کرێکار لە چالاکیی هاوبەشدا لە فڕۆکەخانەکان و لە بەشی گواستنەوەی ئاسمانی و بەندەرەکان و هێڵی ئاسن و پاس و کەشتی و هێڵی میترۆ لە سەرتاسەری ئاڵمان مانیان گرت و خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئەم وڵاتەیان ڕاگرت. کرێکاران خوازیاری زیادکردنی حەقدەست و کەمکردنەوەی تێچووی بەرینی نیزامی بوون و داوایان لە دەوڵەت کرد کە لەڕێگەی ئەم سەرچاوانەوە کۆمەکی کرێکاران بکات. لە یۆنان، دەیان هەزار کرێکاری هێڵی ئاسن، بەندەر، کانزا و کەشتیوانی، سەندیکای فەرمانبەرانی حکومەت و خوێندکاران لە ناڕەزایەتی بە ژێرخانی نائەمنی هێڵی ئاسن و کەمبوونی هێزی کار دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی. لە قاڕەی ئەفریقاش، وڵاتانی ئەفریقای باشوور، نیجێریە و سێنێگاڵ، غنا و چەند وڵاتی تر، کرێکاران بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دژبە گوشاری دەوڵەت و چەوساندنەوەی کۆمپانیا چەندملیەتییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە ئەمریکای لاتین کرێکارانی کانەکانی زێڕ و پیشەسازی پۆڵا و جەماوەری وەگیانهاتوو لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئارژانتین، ئەم وڵاتەیان کردە گۆڕەپانی مانگرتن و ناڕەزایەتی بەردەوامی خۆیان. هەروەها کرێکارانی مەکزیک، پاناما، بەرازیل، شیلی و ئیکوادۆر بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان ناڕەزایەتیان دەربڕی. کرێکاران لە هێند، ژاپۆن و بەنگلادێشیش لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی هاوچینەکانیان بۆ باشکردنی ژیان کە بە بەرینایی جیهان لە ئارادایە وەدوا نەکەوتوون. ئەم شەپۆلەی بزووتنەوەی بەربڵاوی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان نیشانی دەدات کە توڕەیی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتی دژەکرێکاریی حکومەت و خاوەنانی سەرمایە و سەنعەت و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان بەردەوام خەریکە پەرە دەستێنێت. کرێکاران لە قووڵبوونەوەی دەرەی نێوان هەژاری و سەروەت و لەم هەمووە هەژاری و نابەرابەرییە وەگیان هاتوون و خوازیاری تەرخانکردنی سەرچاوە بۆ پەروەردە، تەندروستی و خوشبژێویی ئینسانەکانن.

لە جەرگەی درێژەی قەیرانی سەرمایەداری و بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی جیهاندا، بەهۆکاری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردوو، سەرچاوەگرتوو لە بەرنامەکانی ڕیازەتی ئابووری و نیولیبڕاڵی، کە ئاکامی ئابووریی قەیرانی کۆرۆنا و شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین و قەیرانی دارایی جیهانی بەرینتری کردووەتەوە، ڕەوتە ڕاستە توندئاژۆکان پەرەیان سەندووە. ئەم ڕەوتە ڕاستە توندڕەوانە تا ئاستێک توانیویانە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگا بەدژی بارودۆخی ئێستا بەلاڕێدا بەرن و بەسەر باڵی چەپی کۆمەڵگا و پەنابەران و کۆچبەرانیدا بشکێننەوە. ترامپ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و پۆپۆلیستیی خۆی تا ئاستێک توانیویەتی ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگا بەدژی بارودۆخی ئێستا دژبە کۆچبەران کانالیزە بکات. هەروەها ڕەوتەکانی وەک “براکان لە بریتانیا”، “بەدیل لە ئاڵمان”، “باڵی دەستی ڕاستی حیزبی پارێزکاری بریتانیا”، “مارین لۆپن لە فەڕانسە”، “حیزبی ئازادی لە ئۆتریش”، دیموکراتەکانی سوێد”، “حیزبی بەهاراتیا جاناتا لە هێند”، “حیزبی ئازادیی ئارژانتین” و … ئەو ڕەوتە ڕاستە توندئاژۆ و فاشیستانەن کە ئەگەرچی هیچکامیان بەدیلێکی ئابووریی یەکگرتوویان لە بەرانبەر بنبەست و داڕمانی مۆدێلی نیۆلیبڕالیسمدا نییە، بەڵام لە نەبوونی بەدیلێکی بەهێزی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستیدا، لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگا لەئاست دواهاتەکانی قەیرانی سەرمایەداری تەغزییە دەکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە