فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (بەشی سێهەم)
سێشەممە ۲۲-۱۲-۱۴۰۲   |  12-03-2024

بەشێک لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلێنۆمی شەشی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و باسە پەیوەندیدارەکان، بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسیی ئێران تەرخان کرا. سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێران پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب تەئکیدی کرد کە کۆمەڵگای ئێران هەروا لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەدا بەسەر دەبات و چاوگێڕانێک بەسەر ڕەوتی بابەتیی ئەم بارودۆخە نیشانی دەدات کە هەموو ئەو پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە بۆ قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە پێویستە نەک هەر بوونی هەیە بەڵکوو پەرەشیان سەندووە. قووڵبوونەوە و هەمەلایەنەبوونی قەیرانی ئابووری، چوونەسەری بەرینی نرخی کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانەی کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، پەرەسەندنی بێکاری کە بووەتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی، هێڵی هەژاریی ٣٠ ملیۆن تمەن لە تاران و ٢٥ ملیۆن تمەن لە شارەکانی تری ئێران، حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و ئاکامە وێرانگەرەکانیەتی لەسەر ژیان و گوزەرانی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. لەلایەکی دیکەوە پەرەستاندنی گوشار و هێرشی ڕێکخراو بۆسەر ژنان لەبوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، چوونەسەری ژمارەی منداڵانێک کە بەهۆی هەژارییەوە لە خوێندن بەجێماون و بە لەشکری منداڵانی کار و شەقام پەیوەست بوون، پەرەسەندنی ئێعتیاد و ئەنواعی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستی بێوێنەی قەیرانە ژینگەییەکان کە ژیانی جەماری خەڵک، بەتایبەت هەژارانی گوندەکانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. لەحاڵێکدا کە ڕەوتی ئەم بارودۆخە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کردووەتە بابەتێکی حەتمی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی حازر نییە ڕێفۆرم، چاکسازی یان باشتربوونێک لە ژیانی کرێکاران و هەژارانی ئەم کۆمەڵگایەدا پێکبێنێت. سەرانی حکوومەتی ئیسلامی لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا یەکجار لەوە دەترسێن کە چکۆلەترین پاشەکشە لە سیاسەتەکانی هەتا ئێستایان، ڕووحیەی تەعەڕوزی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەرەپێبدات و ببێتە هۆی لێکهەڵوەشانی یەکجاریی نیزامە سیاسییەکەیان. پڕۆسەی ئامادەکاریی ئەوان بۆ بەڕێوەبردنی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان کە هەمووی فریو و ساختەکاری و هەڕەشەیە، ڕەدی سەلاحیەتی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی ئەم مەجلیسە، ڕەدی سەلاحیەتی مۆرەکانی وەک حەسەنی ڕووحانی و ئەوانی تر، نیشانی دەدا کە سەرانی ئەم ڕژیمە دیسانیش بیر لەوە دەکەنەوە کە ئاڵقەی هێزەکانیان تەنگتر بکەنەوە و ئۆرگانەکانی دەسەڵات و سەرکوت یەکدەستتر بکەن. ڕەوتی بابەتیی ئەم بارودۆخە لە هەمان حاڵدا کە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کردووەتە حەتمی، تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەش وێنا دەکات.

بەڵام ئاشکرایە کە تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیە تەنیا لەڕووی کۆمەڵناسییەوە و تەنیا بە پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پێناسە ناکرێت. بەڵکوو کۆمەڵێک پێکهاتەی سیاسی لە گەشەسەندنی قۆناغی شۆڕشگێڕانەدا دەورونەخشیان هەیە. واتە ئەو هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە پێداویستیی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەیە دەبێ ڕەنگدانەوەی خۆی لە پێگە، وشیاری و زەینیەتی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا نیشان بدات. پێویستە ئەوە بزانین کە ئەم بارودۆخ و پێش زەمینە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە کاریگەرییان لەسەر وشیاری چینی کرێکار و لەسەر زەینیەتی چینی مامناوەند یان توێژە وردە بورژوازییەکان و لەسەر پێگەی چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار چی بووە. لەئێستادا چینی کرێکاری ئێران باشتر لە هەر کارناسێکی ئابووری دەزانێ کە لە چ بارودۆخێکی دژواری ئابووریدا کار و خەباتی خۆی بەرێوە دەبات. بەڵام چینی کرێکار تەنیا کاتێک دەتوانێ ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی لەم قۆناغەدا بەجێ بێنێ کە ڕێگای چوونەدەر لەم بارودۆخە فەلاکەتبارەی کۆمەڵگا، نەک لە پاراستنی موناسباتی سیاسی و چینایەتیی خۆی، بەڵکوو لە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بەدژی نەزمی ئێستادا ببینێت. ئەمە یەکێک لە پێشمەرجەکانی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. ئەم ئاڵوگۆڕە لە وشیاری و زەینیەتی چینی کرێکار، پێویستە لە ڕێکخستنی ئەم چینەدا خۆی نیشان بدات. بەڵام لەم بوارەدا چینی کرێکاری ئێران لەگەڵ بەربەستی گەورە بەرەوڕووە. سەرکوتی بەرین، هەژاریی پێکهاتەیی کە تێچووی سەرکوتی بۆ چینی کرێکار یەکجار بردووەتە سەرێ و پەرەسەندنی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و گرێبەستی کاتی و سپی ئیمزا و نائەمنیی پیشە، لە گەورەترین بەربەستەکانی سەر ڕێگای ڕێکخستنی چینی کرێکارن. ئەگەر لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بزووتنەوەی کرێکاری نەیتوانی بە مانگرتنی سەرتاسەری لە ناوەندە سەنعەتییە سەرەکییەکان بە ناڕەزایەتییەکانی شەقام کە گەلێک جار تێکەڵ بە مانگرتنی گشتی بوون پەیوەست بێت، بەهۆکاری هەر ئەم بەربەست و ئاستەنگییانەیە کە لە پێشیەتی.

ئەم بارودۆخە دژوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییە و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە پێگەی ئابووریی چینی مامناوەند و توێژی خوشبژێوی وردەبورژوازیدا ڕووی داوە ئەگەرچی بەشێکی بەرین لەم توێژەی بەرەو لایەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا پاڵ پێوەناوە و بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەم توێژە بەرینە متمانەیان بە دەسەڵات و پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار لەدەست دەن و لە وتنی “نا” بە کۆماری ئیسلامی شک و گومان وەلا بنێن، بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە لە زەینیەتی وردەبورژوازیدا هێستا نەبووەتە هۆی ئەوەیکە دەست لە پاراستنی نەزمی مەوجوود هەڵبگرن و بە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵ هیوادار بن. نەتەنیا هیوادار بن، بەڵکوو لە ئاستی جەماوەریدا بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بێنە مەیدان. لەم ڕووەوە ئەم توێژە بەرینە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا ئەگەرچی دڵیان لەگەڵ دڵی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ناڕازی لە شەقامەکان لێیدەدا، و هێندێک جار بە پەیوەست بوون بە مانگرتنە گشتییەکان هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی شەقام نیشان دەدا، بەڵام هێستا ئامادەیی زەینیی ئەوەیان پەیدا نەکردبوو کە لە ئاستی جەماوەریدا بەم ناڕەزایەتییانە پەیوەست بن و بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی قۆڵ هەڵماڵن. بێگومان توانای ڕژیم لە سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان و ڕەشبگیریی بەرین، شەپۆلی یەک لە دوای یەکی ئێعدامەکان، لەو بەربەستە سەرەکییەکانە بوو کە نەیهێشت وردەبورژوازی لە وەزعی مەوجوود واز بێنێت و ئەمەش بوو بە بەربەست لە جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا. بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانی لە دووپات بوونەوەی ئەزموونی شکستی شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاوی، نیگەرانی لە دووپات بوونەوەی ئەزموونی ئاخێزە جەماوەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانی لە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی و سووریەیی بوونی ئێران کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی پەرەیان پێدەدا، و هەروەها نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی ڕزگاریبەخشی بەهێز لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا کە جەماوەری خەڵک بتوانی پێی هیوادار بێ، لە بەربەستە زەینییەکانی دیکەی هاتنە مەیدانی ئەم توێژەیە لەئاستی جەماوەریدا.

پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، کە لە بێتوانایی لە بەرهەمهێنانەوەی بەرین، لە چەقبەستوویی بەرهەمهێنانی پیشەسازی، لە بڕی یەکجار زۆری نەختینەی قەیرانزا، لە قەیرانی بەدیهێنانی بەها، لە ڕەوانەکردنی سەرمایەکان بەرەو ڕەوتی سەرمایەی ماڵی و بازرگانی، لە ڕاوەستانی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵ و بەرهەمە خۆراکییەکان بەهۆکاری سیاسەتی وێرانکەری ژینگەیی خۆی نیشان داوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و چینی سەرمایەداری دەسەڵاتداری یەکجار خستووەتە ناو مەنگەنەوە. سەرانی ڕژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری لەلایەکەوە ڕوویان کردووەتە ئینکار و کەم بایەخ نیشاندانی ئەم بابەتە و لەلایەکی دیکەشەوە ڕوویان کردووەتە زیادکردنی هەناردەی نەوت و سات و سەودای پشتی پەردە لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ ئینتقالی دۆلارەکانی سەرچاوەگرتوو لە هەناردەی نەوت. تا بتوانن کەسری بوودجەیان قەرەبوو بکەنەوە و بوودجەی هێزە سەرکوتگەرەکان دابین بکەن و دەزگای پان و بەرینی ئیداریی دەوڵەت لەسەر پێ ڕابگرن. توندبوونەوەی ئەم قەیرانە ئابوورییە و درێژەی گەمارۆکان کە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەریی کردووەتە حەتمی، ناتەبایی بنکەی لاوازی ئابووری لەگەڵ سیاسەتی دەستتێوەردان و ماجەراجوویی نیزامیی ڕژیمی ئیسلامی لەسەر ئاستی ناوچەیی، پەرەسەندنی ناکۆکییەکان و کێشمەکێشە تازەکانی نێوان باند و باڵە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات کە شکستی سەرشۆڕانە و بێوێنەی گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی ١١ی ڕەشەممە زیاتری پەرە پێدەدات، کاریگەریی ئەم زنجیرە هۆکارانە لەسەر ڕیزەکانی هێزی چەکدار و سەرکوت لە حاڵێکدا کە دەزگای ئیدئولۆژیک و ڕووحانیەت لە پاساوکردنی ئەم بارودۆخەدا گەیشتووەتە بنبەست، پێگەی ڕژیمی ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو قەیراناوی و لاواز دەکات. مووشەک هاویشتنەکانی هێزە نیابەتییەکانی ڕژیم لە عێراق و سووریە بەرەو پایەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و شەڕنانەوەی حوسییەکانی یەمەن، زیاتر لەوەیکە نیشانەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بێت هەوڵی ئەم ڕژیمە بۆ شاردنەوەی خاڵە لاوازەکانی لە بەرانبەر باڵادەستیی نیزامیی دەوڵەتی ئیسرائیل نیشان دەدات. دەوڵەتی ڕووسیە بە ئاگاداربوون لەم خاڵە لاوازانە و لەم سەرلێشێواوییە ستراتێژیکانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئامرازی هاوسەنگ کردنی لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە لە دەستی دەرهێناوە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە کێبەرکێ ناوچەییەکاندا کەوتووەتە پێگەیەکی لاوازترەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە ڕژیمی ئیسلامی هێستا متمانەبەخۆیی لەدەست نەداوە و بە پشت بەستنی یەک لایەنە بە پەرەپێدانی سەرکوت و ڕەشبگیری و ئێعدام، بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی هەوڵ دەدات. بەڵام پشت بەستنی یەک لایەنە بە بژاردەی سەرکوت و ئێعدامیش پێگەی ڕژیمی لاوازتر کردووە. ئەو ڕۆژەی کە تاکتیکی سەرکوت بە یەکجاری کاریگەریی لەدەست بدات، سەرانی حکوومەت توانای پاراستنی ئەم سیستمەیان نامێنێت و ڕەوتی داڕمان و ڕووخانی ڕژیم دەستپێدەکات. شکستی دەسەڵاتی ئیسلامی لە شانۆی هەڵبژاردنەکان دەتوانێ ئەم ڕەوتە خێراتر بکاتەوە و ببێتە سەنگەرێک بۆ پێشڕەویی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگا.

لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا هەموو ئەو تایبەتمەندییە سیاسییانەی کە لە سەرەوە باسیان کرا هاوتەریب لەگەڵ یەک بەرەوپێش دەچن. بەڵام ئاشکرایە کە ئەم تایبەتمەندییانە هاوکات لەگەڵ یەک پەرە ناستێنن. هەر ئەم ناهاوکات بوونە لە گەشەکردن و پەرەسەندنی ئەم تایبەتمەندییە سیاسییانە کە قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ئێستا وەسف دەکەن، لە ڕاستیدا هەڵکشان و داکشانەکانی ئەم قۆناغەش تەوزیح دەدەن. هەڵسەنگاندنێکی واقعبینانە لە بارودۆخ و ناسینی بەربەستەکانی سەر ڕێگای پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی و ئەو زەرفیەت و هێزە ماددییانەی کە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە دەتوانین پشتیان پێ ببەستین، تا ئاستێک دەتوانێ ببێتە قوتبنەمای حەرەکەتمان. لە بارودۆخی ئێستادا بۆ زەمانەتکردنی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، پەرەپێدانی ستراتێژی شۆڕشگێڕانە و هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤ و بەدیلی کرێکاری و سۆسیالیستی لە ئەولەوییەتەکانی چالاکییەکانمانە.

درێژەی هەیە…

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە