بنکەی هەواڵی پیشەسازی پەلەوەر و بەخێوکردنی ئاژەڵ ڕایگەیاند کە ڕەوتی بەرزبوونەوەی مریشکی سەربڕراو دەستی پێکردووە و هەر کیلۆیەک بە زیاتر لە ٨٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
لە لایەکی دیکەوە نرخی مریشک لە فرۆشگا ئۆنلاینە باوەڕپێکراوەکان زۆر زیاترە و هەر یەک کیلۆ مریشکی سەربڕراوی تەواو لە نێوان ٩٠ بۆ ١٢٠ هەزار تمەن و نرخی مریشکی لەتکراو و پاککراو لە نێوان ١٧٠ بۆ ٢٢٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
ڕۆژنامەی “هەم میهەن” لە ڕاپۆرتێکدا بەدواداچوونی بۆ قەیرانی بژێوی ژیان لە ئێران کردووە و نووسیویەتی کە بەپێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان خواردنی هەموو جۆرە گۆشتێک لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا کەمی کردووە، و خواردنی گۆشت لای ئێرانییەکان یەک لەسەر سێ کەمتر لە تێکڕای بەکارهێنانی جیهانییە.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ماوەیەکی زۆرە کڕینی گۆشتی سوور لە سەبەتەی ماڵان لابراوە یان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە، چونکە نرخی گۆشتی سوور لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠٠٪ بەرز بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە شیکارییەک لەسەر ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ڕژیم کراوە کە دەریدەخات ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی خۆراک و خواردنەوەکان لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا ٤٢.٥% بووە و هەروەها ئەم ژمارەیەش بۆ خۆراکگەلێکی وەکوو دانەوێڵە، گۆشت، شیر، پەنیر، هێلکە، ڕۆن و چەوری بە ڕێژەی ٤٥.١% ڕاگەیەندراوە.
لەم پێوەندیەدا ماڵپەڕی “تجارەت نیوز” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە بارودۆخی خەڵک لە سەروبەندی نەورۆزدا زۆر لە ساڵانی ڕابردوو خراپترە، و لە ئەمساڵدا نرخی برنج بە ڕێژەی ٢١٪، گۆشتی سوور بە ڕێژەی ٥٢٪، گۆشتی مریشک بە ڕێژەی ٣٧٪، چای و خورما بە ڕێژەی ١١١٪، ئاجیل بە ڕێژەی ١٠٪ هێلکە و پەنیر بە ڕێژەی ٥١٪ و شەکر بە ڕێژەی ٧٤% لە بازارەکانی ئێراندا بەرز بوونەتەوە .