فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتە مەرگبارەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری دژبە کۆچبەران، پێویستە یەکگرتوو بین
یەکشەممە ۲۷-۱۲-۱۴۰۲   |  17-03-2024

ڕێکخراوی “ئێس ئۆ ئێسی مەدیتەرانە” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی مانگی ڕەشەممە بەرابەر لەگەڵ ١٤ی مارس ڕایگەیاند کە ڕۆژێک پێشتر ٢٥ کۆچبەریان لە دەریای ناوەڕاست ڕزگار کردووە و دوو کەسیان کە بێهۆش بوون بە هێلیکۆپتەر ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی سیسیل کردووە. بەوتەی ڕزگاربووان لانیکەم ٦٠ کەس لەوانە چەند منداڵ گیانیان لەدەستداوە. ڕێڕەوی دەریای مەدیتەرانە لەئاستی جیهاندا بە یەکێک لە “مەرگبارترین” ڕێگاکانی کۆچکردن دەناسرێت. تەنها لەماوەی دوو مانگ و نیوی سەرەتای ئەمساڵدا، بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٢٦ کەس لەم ڕێگایەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.

هەواڵی ئەم کارەساتە مەرگبارە لە حاڵێکدا بڵاودەکرێتەوە کە بەپێی ئاماری ٦ی مارسی ئەمساڵی پڕۆژەی کۆچبەرانی بێسەروشوێن کە سەربە ڕێکخراوی جیهانیی کۆچبەرانە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٨ هەزار و ٥٦٥ کەس لە مەسیرەکانی کۆچکردندا لە سەرانسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە. ئەم ئامارە چوونەسەری ٢٠ لەسەدیی مەرگی کۆچبەران نیشان دەدات و بەمجۆرە ساڵی ٢٠٢٣ وەک مەرگبارترین ساڵ لە مێژوودا تۆمار دەکرێت. پڕۆژەی کۆچبەرانی بێسەروشوێن کە لە ساڵی ٢٠١٤دا دامەزراوە لە کاتی دامەزرانییەوە هەتا ئێستا واتە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٣ هەزار مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچبەرانی تۆمار کردووە. بە بەراوردی ئەم ڕێکخراوە ئامارە واقعییەکان لە ژمارەی ڕاگەیەندراو زیاترن. هۆکارەکەشی کێشە و بەربەستەکانی کۆکردنەوەی زانیارییە. بۆ نموونە ئەو کەسانەی بێسەروشوێن دەبن و بەلەمەکانیشیان نادرۆزرێتەوە، لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێن. بەپێی ڕاپۆرتەکان تێپەڕگەی مەدیتەرانە یەکێک لە مەرگبارترین ڕێگاکانی کۆچبەرانە. ژمارەی قوربانییانی ئەم مەسیرە لە ساڵی ٢٠٢٢دا دوو هەزار و ٤١١ کەس بووە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتووەتە سێ هەزار و ١٢٩ کەس. لە ساڵی ٢٠١٦دا کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران لە ئەفغانستان و سووریەوە بەرەو ئورووپا ڕۆیشتن، مەرگی ٥ هەزار و ١٣٦ کۆچبەر تۆمارکرا. بەپێی هەر ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین ژمارەی مردن لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لە ئاسیا بووە کە ژمارەیان ٢ هەزار و ١٣٨ کەس بووە. لە ئەفریقاش هەزار و ٨٦٦ کەس کە ژمارەیەکی بێوێنەیە، لە سەحرا و لە مەسیری دەریایی بەرەو دوورگەی قەناری گیانیان لەدەستداوە.

ئەم بارودۆخە کارەساتبارەی کۆچبەران و پەنابەران لەحاڵێکدایە کە شایەدی پەرەسەندنی ئاراستەی دژەپەنابەری و بێگانە هەراسیی هێزە ڕاستەکان و ڕاستە توندڕەو و فاشیشتەکان لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکاین. دەوڵەتان و چینی دەسەڵاتداری سەرمایەدار لەم وڵاتانە بەرەوڕووی قەیرانی یەک لە دوای یەکی ئابووری و گەشەی خەباتی کرێکاران لە ئورووپا و ئەمریکا دژبە بارودۆخی سەختی کار و ژیانن و وڵامێکیان بۆ ئەم قەیران و هەژاری و گرانییە نییە. لەم ڕووەوە فریوکارانە باس لەوە دەکەن کە هۆکار و سەرچاوەی خراپتربوونی بارودۆخی ژیانی کرێکاران نەک سیاسەتی دژەکرێکاریی ئەوان، بەڵکوو پەنابەران و کۆچبەرانی ئەم وڵاتانەن. ئەم دەوڵەتانە هەر بەم سیاسەتە ڕیاکارانەیە هەموو ڕێگا ئەمنەکانیان بەرەوڕووی پەنابەران بۆ گەیشتنیان بۆ ئەم وڵاتانە بەستووە. دەسەڵاتدارانی قەڵای “ئورووپا” ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە پەرەپێدانی دیوار و تەلدڕوو و کەمپی نامرۆڤانە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، کۆچبەرانێکی زیاتر بەرەوڕووی مەرگ و توندوتیژی دەکەنەوە. سیاسەتی دژەکۆچبەریی دەوڵەتانی ئورووپا، سیاسەتی کوشتنی بەئەنقەستە بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکردنی پەنابەران لە چنگ ئەو شەڕ و وێرانی و بێ ئاسۆییەی کە سەرچاوەکەی هەر ئەم دەسەڵاتانەی سەرمایەدارین.

سیاسەتمەداران و میدیاکانی سەرمایەداری هەوڵ دەدەن قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان بخەنە ئەستۆی کۆچبەران و پەنابەران و ئەوان بکەنە قوربانی. بەڵام لەڕاستیدا ئەوە کۆچبەران و پەنابەرانن کە قوربانیی سیاسەتی ئیمپریالیستی و شەڕخوازیی دەوڵەتانی گەورەی سەرمایەدارین. کۆچکردنی بەکۆمەڵ لە وڵاتانی هەژار و شەڕلێدراو ئاکامی سیاسەتی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی بەتایبەت حکوومەتی ئەمریکایە. ئەم دەسەڵاتانە بە پەرەپێدانی شەڕ لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان، بە دەخاڵەتی سیاسی و نیزامی لە کاروباری وڵاتانی دیکە و بە پشتیوانی کردنیان لە حکوومەتە کۆنەپەرستەکان، بە وێرانکردنی ژینگە و بە لەناوبردنی ئیمکاناتی کەشاوەرزی و ژینگەیی لە زۆرێک لە شوێنەکانی جیهان، بە داسەپاندنی سیاسەتی ئابووریی سەخت و زاڵمانە لەڕێگەی ناوەندە ماڵییەکانی خۆیان لەوانە بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە، ژیانیان بۆ زۆربەی مرۆڤایەتی بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین کردووەتە جەحەنەمێکی گەورە.

ئەگەرچی ئەم سیاسەتمەدارانە فریوکارانە کۆچبەران بە سەرچاوەی کێشەی خانوو و بێکاری و هاتنەخواری ئاستی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا کەمبوونی خزمەتگوزاریی گشتی و هەژاری و گرانی ئاکامی ڕاستەوخۆی بەرنامە و سیاسەتەکانی چینی دەسەڵاتدار لەم کۆمەڵگایانەیە. ئەوان هاوکات لەگەڵ هێنانەخواری ماڵیاتی دەوڵەمەندەکان و دانی یارانەی چەند ملیارد دۆلاری بە بانکەکان و شیرکەتە گەورەکان بۆ دەربازکردنیان قەیران و هاوکات لەگەڵ بردنەسەری تێچووی تەسلیحاتی و نیزامی، هەزینە کۆمەڵایەتییەکانیان دێننە خوارێ و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیان ڕادەگرن. لەلایەکی دیکەوە هەر ئەم سەرمایەدارانە و دەوڵەتەکانیان بە کەڵک وەرگرتن لە کاری هەرزانی کۆچبەران و بە داسەپاندنی بارودۆخی دژواری کار، هێرش دەکەنە سەر ئەو دەستکەوتانەی کە چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە بە خەباتی سەد ساڵەیان دەستەبەریان کردووە و لەم ڕێگەوە دەستکەوتەکانیان خسوونەتە بەردەم نابوودییەوە. ئەم دەوڵەتانە بە هەڵدان بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە بەرانبەر بە کرێکارانی کۆچبەر و بە پەرەپێدانی هەستی دژەکۆچبەری، ڕێگای بەدەسەڵات گەیشتنی هێزە فاشیست و ڕاسیستەکان هەموار دەکەن.

ئەو دروشم و ڕق و کینەیەی کە لەلایەن هێزە ڕاست و توندڕەو و فاشیستەکانەوە لە دژی پەنابەران و کۆچبەران پەرەی پێدەدرێ، لە ڕاستیدا وەڵامی چینی دەسەڵاتدار بۆ سەرهەڵدانەوەی خەباتی کرێکاری لە جیهان بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکایە. ئەم هێزانە بە ژەهراویکردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا و بە هاندانی هەستی ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستانەی کۆمەڵگا، هەوڵ دەدەن بەر بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵک بگرن و نەهێڵن شەپۆلی ڕوو لە گەشەی خەباتی کرێکاران ببێتە قەیران بۆ نیزامی پرتووکاوی سەرمایەداری. بەڵام بێگومان کرێکاران لەم وڵاتانە بەوە گەیشتوون کە هەم ئەوان و هەم کۆچبەران و پەنابەران قوربانیی یەک سیاسەتن و ئەویش سیاسەتی شەڕخوازانە و چەوسێنەرانە و تاڵانکەرانەی دەوڵەتانی سەرمایەدارییە. خۆپیشاندانی ملیۆنیی خەڵک لە ئورووپا و ئەمریکا بەدژی کوشتاری خەڵکی فەلەستین لە غەززە لەلایەن دەوڵەتی فاشیست و تاوانکاری ئیسرائیل، خۆپیشاندانی ملیۆنیی خەڵکی ئاڵمان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە بەدرێژایی چوار هەفتە دژبە سیاسەتەکانی حیزبی “ئاڵتێرناتیڤ بۆ ئاڵمان” کە لەڕاستیدا تەنها دژبەم حیزبە نەبوو بەڵکوو بەرانبەر بە سیاسەتە دەستی ڕاستییەکانی گشت حکوومەت بوو، هەروەها ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئورووپا و ئەمریکا لەوانە فەڕانسە، ئاڵمان، فنلاند و ویلایەتە یەکگرتووەکان دژبە سیاسەت و هەوڵی دژەکرێکاریی دەوڵەتەکان و بەرانبەر بە زەوتکردنی دەستکەوتە ئابووری و دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگا، هەر هەموویان نیشانەی ئەوەیە کە کرێکارانی ئەم وڵانە دەزانن کە دوژمنی ئەوان و سەرچاوەی سەرەکیی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان هەر ئەم سەرمایەدارانە و دەسەڵاتەکانی پشتوانیانن نەک کۆچبەران و پەنابەران. ئەوان دەزانن کە ژانی هاوبەش و بەرژوەندی چینایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ کۆچبەران هەیە و لەم ڕووەوە بەبێ بایەخدان بە دروشمی دژەکۆچبەری هێزە دەسەڵاتدارەکان، خەباتی خۆیان دژبە شەڕ و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان هاوکات بەڕێوەدەبەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە