فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژران و بریندار بوونی لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا
شەممە ۲۶-۱۲-۱۴۰۲   |  16-03-2024

بە پێی ڕاپۆرتەکان لە نێوان ڕۆژانی ١١ بۆ ٢٤ی ڕەشەممە، لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆکارەکانی وەک، تەقەی ڕاستەوخۆ، لێدان، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، ڕووداوی هاتووچۆ بە هۆی ڕاوەدوونان و تەقینەوەی مین، کوژراون یان بریندار بوون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆی ئەم ٤٨ کۆڵبەرە، ٥ کۆڵبەر کوژراو و ٤٣ کۆڵبەر بریندار بوون.
“عەلی زەرغامی” کۆڵبەری خەڵکی تیکاب لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەممە، لە سنووری “سەرشیو”ی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا. هەروەها “ئارام مەنووچهری” و “سیوان باتر” دوو کۆڵبەری خەڵکی مەریوان لە ڕووداوی هاتووچۆدا بە هۆی ڕاوەدوونان و تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەممە، گیانیان لەدەستدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە ١٦ی ڕەشەممە، بە تەقەی هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری نۆسود، کۆڵبەرێک بە ناوی “عەتا حسێنی” تووشی مردنی مێشک بوو و لە کۆتاییدا ٢٤ی ڕەشەممە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا “محەممەد گەنجە” کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار، لە سنووری ئەم شارە لەگەڵ کوردستانی عێڕاق بوو بە ئامانجی تەقەی هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی و دوای کووشتنی لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەممە، تەرمەکەیان لە ژێر بەفر شاردبووە و دوای دوو ڕۆژ گەڕان لە ٢٣ی ڕەشەممە، تەرمی بێ‌گیانی ئەم کۆڵبەرە لەلایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.
لەو ماوەیەدا ٢٩ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ٧ کۆڵبەر بە لێدان و تەقەی هێزەکانی عیڕاق (حەرس ئەلحدود)، ٣ کۆڵبەر بە لێدان و وێکەوتنی بەرد لەلایەن هێزەکانی ڕژیم، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین و ٢کۆڵبەریش لە ڕووداوی هاتووچۆدا بە هۆی ڕاوەدوونان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بریندار کراون.
هەروەها کۆڵبەرێکی منداڵ بە ناوی “دیاکۆ محەممەدی” تەمەن ١٧ساڵە و خەڵکی دیواندەرە، لە نێو ئەو ٢٩ کۆڵبەرە دایە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کراوە.