
بەیانیی ڕۆژی ٨ی مانگی خاکەلێوە، لقی ٣ی بێدادگای دژەشۆڕشی ئیسلامی حوکمی ١١ کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ی لە گیلان دەرکرد. بەپێی ئەم حوکمانە فڕووغ سەمیع نیا، زەهرا دادڕەس، سارا جەهانی، مەتین یەزدانی، یاسەمین حەشدەری، شیوا شاەسیا، نگین ڕەزایی، ئازادە چاوشیان بە تۆمەتی کۆبوونەو و تەبانی، هەرکام بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی و بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە گرووپی نایاسایی هەرکام بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران. ئەم دادگایە هەروەها زۆهرە دادڕەس، چالاکی مافی ژنی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی بە ٦ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری و جلوە جەواهری و هوومەن تاهری بە تۆمەتی تەبلیغ دژبە نیزام بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد. ئەم ١١ کەسە لە چالاکانی سیاسی و داکۆکیکاری مافی ژن سەرجەم بە زیاتر لە ٦٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون. مەئموورانی ئەمنیەتی بەیانیی ڕۆژی ٢٥ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکانە لە شارەکانی ڕەشت، ئەنزەلی، لاهیجان و فوومەن و دەستبەسەریان کردن و دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو مانگ هەموویان لە ماوەیەکی کورتدا بە قەراری وەسقە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران. پێشتر ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای گیلان دەستگیرکراوانی بە “دەست و پەیوەندی بێگانە” ناوبردوو و ئەوانی بە پێکهێنانی بشێوی و خرابکاری لە ساڵڕۆژی “ژن، ژیان، ئازادی” تۆمەتبار کردبوو.
ئەحکامی داماوانەی بێدادگای دژەشۆڕشی ئیسلامی لە ڕەشت بەدژی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لە درێژەی وەبەر گولـلەدانی خەباتکارانی سەر شەقام و دەستبەسەرکردنی هەزاران ناڕازی، لە درێژەی هێرشی شیمیایی بەرنامەڕێژیکراو بۆسەر خوێندنگاکانی کچان، هێرشی ڕێکخراو بۆسەر زانکۆکان و کچانی خوێندکار، لە درێژەی تەهاجوم بۆسەر ژنانی بێ حیجاب لە شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان، لە ئیدامەی شەپۆلی یەک لە دوای یەکی ئیعدامی زیندانیان و لە دێژەی کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە سیستان و بەلووچستان دەرکراوە. بەم حاڵەوە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی بە پێشەنگایەتیی ژنان بەجۆرێک مۆری خۆی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا کوتاوە کە ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی بە هەموو دڕندەیی خۆیەوە ناتوانێ کۆمەڵگای ئێران بۆ قۆناغی بەرلە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بگەڕێنێتەوە. هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە نەیتوانیوە ژنانی ئازادەی ئێران لە خەبات بۆ ئازادی و وەدیهێنانی مافەکانی خۆیان پاشگەز بکات. بێگومان دەرکردنی ئەم ئەحکامە زاڵمانەیە بەدژی چالاکانی بزووتنەوەی ژنانیش نەتەنیا ناتوانێ عەزمی ژنانی ئازادی ئێران تێکبشکێنێت، بەڵکوو لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانیان پێداگرتریان دەکات.
ژنانی ئازادیخوازی ئێران بەتایبەت لە یەک دەیەی ڕابردوودا هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە مەیدانی خۆڕاگری و خەبات لەدژی هەموو ئەو ڕەنج و ئازارانەی کە سەرچاوەکەیان حکوومەتی سەرمایەداریی تێکەڵ بە ئیسلامی سیاسی و یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و کلتووری پرتووکاوی پیاوسالارییە. ژنان بە بەشداریی بەرچاویان لە بزووتنەوەی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە، بە پشتیوانی لە هاوسەرەکانیان لە قامەتی کرێکارانی مانگرتوو، بە خۆڕاگرییان لە ناو زیندان، بە ناڕەزایەتی دژبە قەتڵە نامووسییەکان لە شەقامەکانی مەریوان، بە فڕێدانی حیجاب لەسەر سەکۆکانی شەقامی ئینقلاب، بە بردنە ژێر پرسیاری هەڵاواردنی ڕەگەزی لە چوارچێوەی زانکۆکان، بە بەشداریی پڕگڕوتینیان لە ڕیزی خەباتی مامۆستایان و خانەنشینان و بزووتنەوەی پاراستنی ژینگە، بە بەشدارییان لە ڕیزی ناڕەزایەتیی نووسەران، سینەماکاران و هونەرمەندان دژبە هەڵاواردن و توندوتیژیی جنسیەتی، بە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر بە نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی، دەسەڵاتی سەرمایەدارانی ئیسلامییان خستە ژێر پرسیارەوە. ئیدئولۆگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەزانن کە بەشداری و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئیعتڕازییەکان بەرهەمی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیی ڕیشەدارە لەئاستی کۆمەڵگای ئێراندا. ڕووکردنی بەرینی ژنان لە خوێندنی باڵا و بەشداریی بەرچاویان لە بازاری کار بەتایبەت لە بازاڕی کاری نافەرمی لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوو بەستێنەکانی بەشداریی چالاکانە و بەرفراوانی ژنانی لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی و لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا ئامادە کردووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئاگاداربوونی لەو ڕاستییە کە بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بازاڕی کار، ڕووکردنیان لە خوێندنی باڵا و پشکووتنی تواناکانیان لەو بوارانەی کە هەتا دۆینێ لە ئینحیساری پیاواندا بوو و مەیلی ئەوان بۆ بەدنیاهێنانی منداڵی کەمتر دەتوانێ زەمینەسازی گەشەی وشیاری و خەباتی مافخوازانەیان لە کۆمەڵگادا بێت، لەم ڕووەوە زۆر زوو سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزیی خۆی لە شوێنی کار و زانکۆکان و لە ئاستی کۆمەڵگادا پەرە پێدا.
گەڵاڵەی “دوورکاری” کە لەڕاستیدا ڕەوانەکردنی ژنان بۆ ناو ماڵە، سیاسەتی دامەزراندنی نیوە وەخت و خانەنشین کردنی پێشوەختەی ژنان، پێکهێنانی بەربەست بۆ کارکردنی ژنان لە کافی شاپ و قاوەخانەکان، هەر هەموویان هەوڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمن بۆ ئەوەیکە ژنان لە بازاڕی کار و چالاکی لە دەرەوە بێبەری بکات و دووبارە بیانگەڕێنێتەوە سووچی ماڵەکان.
لە لایەکی دیکەوە لە ئاکامی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی کۆنەپەرستانەی “سەهمیە بەندیی جنسیەتی”، “بومی گۆزینی جنسیەتی” و “تەفکیکی جنسیەتی” کچان بەشێوەیەکی بێوێنە لە خوێندن لە دەیان لقی زانکۆ بێبەری کراون. ئەم سیاسەتە زۆرێک لە ژنانی لە بازاڕی ڕەسمی بردووەتە دەرێ بەڵام نەک بەرەو سووچی ماڵەکان بەڵکوو بەرەو بازاڕی ڕەشی کار ڕەوانەی کردوون. واتە ئەو شوێنەی کە ژنانی کرێکار لەئاستێکی بەریندا دەچەوسێنەوە و تەنانەت لە مافەکانی یاسای کاری دژەکرێکاریی ڕژیمیش بێبەرین. سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزیی کۆماری ئیسلامی کە ئامانجی گەڕاندنەوەی ژنان بۆ ناو ماڵە، لەلایەکەوە بەهۆی گەشەی فەرهەنگی مەسرەفگەرایی لەناو ژنانی چینی مامناوەند کە ئاکامەکەی ئاڵوگۆڕەکانی سێ دەیەی ڕابردوویە و لایەکی دیکەوە بەو هۆکارەی کە لە ئەوزاعی فەلاکەتباری ئابووریی ئێران و لە بارودۆخێکدا کە بنەماڵە کرێکارییەکان ئەگەر دوو ناندەرهێنەریشیان بێت، ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆیان و بنەماڵەکەیان دابین بکەن، بەرەوڕووی شکست بووەتەوە. ژنانی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بە بەشداریی ڕوو لە زیادبوونیان لە بازاڕی کار بۆ بردنە ژێر پرسیاری نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزی وەک یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، کەوتوونەتە پێگەیەکی گونجاوتر و باشترەوە. سەرانی ڕژیم کە ناتوانن بەربە ڕەوتی ئەم ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییانە بگرن، ڕۆژانە بە گرتن و بە زیندانی کردنی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، بە دەرکردنی حوکمی زاڵمانە و بە داڕشتنی یاسای دژەژنی تازە، هەوڵ دەدەن بەرەنگاری ئاکامەکانی ئەم ئاڵوگۆڕانە بنەوە. بەڵام بەپێچەوانەی پەرەپێدانی سەرکوت، بزووتنەوەی ژنان بووەتە ئەمرێکی حەتمی. بێگومان کۆماری ئیسلامی بەم زەبروزەنگ و فشارانەی ناتوانێ کۆمەڵگا بۆ قۆناغی بەر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بگەڕێنێتەوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpiran1