فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نێتانیاهۆ وتووێژی نوێ بۆ ئاگربەست لە غەززەی پشتڕاست کردەوە
شەممە ۱۱-۰۱-۱۴۰۳   |  30-03-2024

دوای یەک ڕۆژ لە فەرمانی دادگای نێودەوڵەتی بە ئیسرائیل بۆ دەستەبەرکردنی دەستپێڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە، بێنیامین نێتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕێگەی بە خولێکی نوێی وتووێژ بۆ ئاگربەست لە غەززە  دا.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە سەرەڕای بڕیارنامەی ئەم حەوتوویەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای دەستبەجێی ئاگربەست دەکات، شەڕ لە غەززە ڕۆژی هەینی بەردەوام بوو.
هاوکات دەفتەری نێتانیاهۆ ڕایگەیاند، وتوویژی نوێ سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا  لە دۆحە و قاهیرە ئەنجام دەدرێت.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژی هەینی شەڕ لە دەوروبەری چەند نەخۆشخانە لە کەرتی غەززە بەردەوام بووە. ئەرتەشی ئیسرائیل گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەکات کە خۆیان لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکاندا حەشار داوە و لە نەخۆش و پزیشکەکان وەک قەڵغانی مرۆیی کەڵک وەردەگرن.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپی حەماسدایە، ڕایگەیاند، لە ماوەی شەودا دەیان کەس لەو ناوچەیە کوژراون.