کیانووش چراغی کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کرابوو و سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە.
ڕۆژی شەممەی حەفتەی ڕابردوو ٤ی خاکەلێوە، کیانووش چراغی هاووڵاتی خەڵکی شاری دێهلوڕان دوای بانگکران بۆ ژووری جێبەجێکاری سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی دوو ساڵەی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراوەتەوە.
کیانووش چراغی، فەرمانبەری پێشووی ئیدارەی دابینکاری کۆمەڵایەتی، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژ بە ئەمنیەتی میللی” سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٤ ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری پارەکە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرابوو.
شایەنی باسە کە کیانووش چراغی کە پێشتر فەرمانبەری ئیدارەی دابینکاری کۆمەڵایەتی دێهلوڕان بوو، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستی لە کارەکەی کێشاوە.