کوژران و برینداربوونی ٩١ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا
سێشەممە ۱۴-۰۱-۱۴۰۳   |  02-04-2024
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٩١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندارکراون کە ٦٦٪ لە سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەتە قوربانی. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی فێبریوەری ٢٤ حاڵەت واتا ٣٦٪ زیاتر بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٣ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٧٨ کۆڵبەریش بریندارکراون. لەو ماوەیەدا لانیکەم منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی دیواندەرە بەناوی هەستیار عەبدولکەریمی بەهۆی ڕەق هەڵاتن گیانی لەدەستداوە و ٥ منداڵی کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنوورەکانی بانە، نەوسوود، سەقز و مەریوان بریندار بوون.
زیاترین کۆڵبەرانی کوژراو یان بریندار کە ٤٤ حاڵەت بووە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون.