ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوە، حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بریتی لە منداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی هیوا شەریفی، دوو ئەندام لە بنەماڵە دادخوازەکان بە ناوەکانی شوانە بابەکری تەمەن ٣٩ ساڵ و شەفیع بابەکری تەمەن ٣٧ ساڵ، شاهین ئیبراهیمی تەمەن ٢٨ ساڵ، ساڵح سەخاوەت تەمەن ٣٧ ساڵ، سۆران بەنگینی تەمەن ٢٠ ساڵ و شەهرام ئیبراهیمی تەمەن ٢١ ساڵ دوای بانگکران بۆ جێبەجێکرانی سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەر کران و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەیان بۆ زیندانی ناوەندیی شنۆ گواستراونەتەوە.
ئەو حەوت هاووڵاتییە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” لێپرسینەوەیان لێکرابوو. بەپێی ئەو سزای بەسەریاندا سەپێندراوە هیوا شەریفی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ سزای ٣ مانگ بەندکران، شوانە بابەکری شەفیع بابەکری دوو برا و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان هەر یەک سزای ٦ مانگ بەندکران و ساڵح سەخاوەت، شاهین ئیبراهیمی، شەهرام ئیبراهیمی و سۆران بەنگینی هەر یەک سزای سێ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
هیوا شەریفی، شوانە بابەکری، شەفیع بابەکری، شاهین ئیبراهیمی و ساڵح سەخاوەت مانگی پووشپەڕی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرابوون و دوای مانگێک بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون. هەروەها سۆران بەنگینی و شەهرام ئیبراهیمی سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.