فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکار پێشوازی بکەین
یەکشەممە ۱۹-۰۱-۱۴۰۳   |  07-04-2024

ئەمساڵ چینی کرێکاری ئێران لە بارودۆخێکدا لە ئەوەڵی مانگی مەی پێشوازی دەکات کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە دیاریکردنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بۆ جارێکی دیکە هێرشی کردووەتە سەر سفرەی بەتاڵی بنەماڵە کرێکارییەکان. شۆرای باڵای کاری حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی لە ساڵی ١٤٠٣دا بە بردنەسەری ٣٥ لەسەد، بۆ ٧ ملیۆن و ١٦٦ هەزار تمەن زیاد کرد. بەپێی بڕیاری شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامی تەنیا حەقدەستی کرێکارانی مەشموولی یاسای کار بە حیسابکردنی بۆنی خاروبار، کۆمەک هەزینەی مەسکن و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، دەگاتە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن و زۆربەی کرێکارانی ئێران کە یاسای کار نایانگرێتەوە، ئەم لانیکەمەش وەرناگرن. دیاریکردنی ئەم ئاستەی حەقدەست لە کاتیکدایە کە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران کە خەرجی خۆراک و پۆشاک و دەرمان تا کرێی ماڵ و خەرجی هاتوچۆ و ئاموزش و تەفریح و … لەخۆ دەگرێت بەشێوەی بەرچاو زیادیان کردووە.

شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری و بە یاساییکردنی هێرش بۆسەر ئاستی ژیان و سفرەی بێ ڕەونەقی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا لەڕاستیدا ئاکامی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و وەرشکستەبوونی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی خستووەتە سەر شانی کرێکاران. ئەم قەیرانە ئابوورییە لە بارودۆخێکدایە کە دەزگای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش فشاری درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و فشاری مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بزووتنەوەی جەماوەری و بەتایبەت لەدوای شکستی سەرشۆڕانە لە ئینتخاباتی نمایشی مانگی ڕەشەممەی ڕابردوو، لەگەڵ قەیران و ئاڵوزیی زیاتری ناوخۆیی بەرەوڕوو بووەتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەرفەتی نۆژنکردنەوەی ئابووریی قەیراناویی خۆی لە بارودۆخی ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نییە. قەیران و سەرلێشێواویی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای یەکدەستکردنی سێ دەزگای دەسەڵات و چڕبوونەوەی هێز لەناو دەستی کادری ڕێبەریی سپای پاسداران هەروا درێژەی هەیەی. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی باش دەزانن کە چینی کرێکار بۆ بەچۆکداهێنانی ڕژیم خاوەنی چ توانایەکی مەزنە.

لەئێستادا کە لە ئەوەڵی مانگی مەی، ڕێکەوتی ١٢ی گوڵان، ڕۆژی هاوپشتیی ئەنترناسیۆنالیستیی کرێکارانی جیهان نزیک دەبینەوە، پێویستە کرێکارانی کۆمۆنیست و پێشڕەو لەم پێگە و هێزەی خۆیان تێ بگەن و ڕێگە نەدەن سەرمایەداریی ئێران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێ دانان لەسەر شانی چینی کرێکار، خۆی لەم قەیرانە سیاسییە دەرباز بکات و بە قیمەتی ماڵوێرانیی و بەفیڕۆدانی ژیانی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاری، قازانجی سەرمایەکانی دابین بکات.

باروودۆخی ئێستا، و دەستدرێژییەکی وەحشیانە کە چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دژبە ژیان و گوزەرانی کرێکاران ڕێکیخستووە، چینی کرێکار بۆ یەکگرتوویی و هاوپشتی، بۆ نمایشی شکۆداری دەسەڵاتی چینایەتی بەرامبەر بە سەرمایەرداران و دەوڵەتەکەیان لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا بانگەشە دەکات. لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەیدا پێویستە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی دەست بردن بۆ تاکتیکی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری و ڕاگرتنی چەرخی بەرهەمهێنان بەشێوەی جیددی لەناو کۆڕ و کۆبوونەوە کرێکارییەکاندا گەڵاڵە بکرێت و بدرێتە بەر باس و لێکدانەوە. ئەوە ڕاستە کە ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری پێویستی بە ڕێبەریی سەرتاسەری هەیە. بەڵام هەموو دەزانین کە لە جەرگەی مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، لە جەرەیانی خەباتی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، مەعدەنەکان، شارەدارییەکان و باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، و لە جەرگەی ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان و خانەنشینان، ڕێبەرانی بەتوانا و بەئەزموون لە کوورەی داغی ئەم مانگرتنانەدا و لە جەرەیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە گشتییەکاندا پەروەردە بوون و هاتنە مەیدان. ئەم ڕێبەرانە کە لەگەڵ ناوەندە داغەکانی خەبات پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان هەیە دەتوانن ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەری ڕێک بخەن. ەنیا ئەوەندە بەسە کە ئەم ڕێبەرانە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و پەیوەندی و هاوکارییەکانیان جێ بخەن. مانگرتنی سەرتاسەری و ڕاگرتنی چەرخی بەرهەمهێنان کاریگەرترین و براوەترین تاکتیکی خەباتکارانەی چینی کرێکار لە ئێستادایە. چینی کرێکار لە باروودۆخی ئێستادا بەبەکارهێنانی چەکی مانگرتنی سەرتاسەری دەتوانێ خواستە خێراکانی خۆی بەسەر دەوڵەت و سەرمایەداراندا بسەپێنێت و پێشڕەویی بزووتنەوەی جەماوەری و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زەمانەت بکات.

بەڕێوەبردنی شکۆداری ئەوەڵی مانگی مەی لە باروودۆخێکدا کە کۆمەڵگا پێی ناوەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە، دەتوانێ کاریگەریی دایمی لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا دابنێت. هەربۆیە پێویستە نەتەنیا هەڵسووڕاوانی کرێکاری بەڵکوو چالاکانی سۆسیالیست و پێشڕەوانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی خوێندکاریش بۆ هەرچی شکۆدارتر کردنی ئەوەڵی مانگی مەی، قۆڵی هیمەت هەڵماڵن.

چینی کرێکار لەم ڕۆژەدا نەتەنیا دەبێت ئاڵای داخوازییە خێراکانی بەرز بکاتەوە بەڵکوو پێویستە ئیدیعانامەی خۆی دژبە نیزامی سەرمایەداری ڕاگەیەنێت و زەرفییەت و توانای خۆی بۆ ڕێبەریی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران نیشان بدات. چینی کرێکار لەم ڕۆژەدا بە بەرزکردنەوەی درووشمی ئازادی و بەرابەری، ڕزگاریی ژن لە ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕەهایی نەتەوە و ئایینەکان لە چنگ زوڵم و ستەم، هەنگاوێکی گەورە بەرەو پەیوەند و هاوپشتیی لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەگرێت. هەربۆیە ڕۆژی یەکی مەی، ڕۆژی ناڕەزایەتی دژبە زیندانی کردنی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و ڕۆژی خەبات بۆ ئازادیی دەستبەجێی گشت بەندکراوانی سیاسییە. ڕۆژی تێکۆشان لەپێناو بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانییە. ئەم ڕۆژە ڕۆژی خەبات بۆ ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو و مانگرتن، ڕۆژی هەوڵ و چالاکی دژبە بێکاری و بێکارکردن، ڕۆژی خەبات بۆ بیمەی بێکاریی موکەفی بۆ بێکاران و گشت کەسانی ئامادە بەکارە! ئەم ڕۆژە ڕۆژی مەحکووم کردنی کاری منداڵان و داکۆکیکردن لەمافی منداڵانە! ڕۆژی مەحکووم کردنی کوشتاری کۆڵبەران و سووختبەرانە. ڕۆژی دەرکردنی ئەو بڕیارنامانەیە کە گشت داخوازییەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕێفاهیی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و منداڵان لەخۆدەگرن!

ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی پێویستە بەشێوەی سەربەخۆ، واتە سەربەخۆ لە شانۆ فەرمایشییەکانی خانەی کاریگەر و باقیی ئۆرگانە دژەکرێکارییەکانی ڕژیم بەڕێوەبچن. بێگومان هەڵسووڕاوان و ڕێکخەرانی مەحەلی باش دەزانن کە چۆن ڕیزە سەربەخۆکانیان بپارێزن. بەڵام گونجاوترین و کاریگەرترین ڕێوڕەسمەکان، ئەو ڕێوڕەسمە جێگیر و ڕێکخراوانەن کە بەشێوەی بەرین لە ناوەندی شارەکاندا بەڕێوە دەچن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕێوڕەسمانە بەم تایبەتمەندییانەوە بەڕێوە ناچن، مەگەر بە بەشداریی بەرین و پڕگوڕوتینی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و بنەماڵەکانیان، بە پێشەنگبوونی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی پێشڕەو و بە هاوڕێیەتیی ئەو ئینسانە شەریفانەی کە دژی چەوسانەوەن و ئاواتی بەرابەریی مرۆڤەکانیان لە دڵ دایە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە