فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێگری ئیتلاعاتی سپا بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی دەرمانی بە ئەشکان فەهیم
چوارشەممە ۲۲-۰۱-۱۴۰۳   |  10-04-2024

ئیتلاعاتی سپای مەهاباد لەگەڵ داواکاریی ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی بەندکراو لە زیندانی ئەم شارە بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی دەرمانی دژایەتی کردووە.
ئەم بەندکراوە سیاسیە نەخۆشیی پێست و دڵی هەیە و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی لە زیندانی مەهاباد ڕاگیراوە.
بەپێی زانیارییەکان چەندین جار داواکاریی ئەشکان فەهیم بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی دەرمانی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای مەهابادەوە ڕەت کراوەتەوە.
ئەم چالاکە ئەدەبی و فەرهەنگییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە، بە تۆمەتەکانی کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی ڕژیم، بە ٤٥ مانگ بەندکران و دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری ئەراک سزا دراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئەشکان فەهیم لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا و دواتر ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ٦٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەشکان فەهیم و خودی ئەشکان و ڕەزا ئەندیشەیان دەسبەسەر کرد. هێزەکانی سپا بە گەمارۆدانی کۆڵانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەشکان و شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، بە توندوتیژی و لێدانی ئەم دوو لاوە بە قونداغی چەک، لە کاتێکدا کە بریندار بوون و تووشی خوێنڕێژی ببوون، دەسبەسەریان کردن.
لێدان و توندوتیژیی هێزەکانی سپا لە ئاستێکدا بووە کە ئەشکان فەهیم لەنێو پەتوودا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپا لە ورمێ کراوە.
ڕەزا ئەندیشە، چالاکی مەدەنی ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد بوو.