بەپێی ڕاپۆرتەکان کاتژمێر ٣ی دوای نیوەڕۆی شەممە ١٦ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠، کوڕێکی لاو لە ئەهواز سەری بڕدراوی هاوسەرەکەی بۆ چەند ساتێک لەنێو خەڵکدا گێڕا و پاشان لە شوێنەکە نەما. دوای ڕاپۆرتی ئەم ڕووداوە، مەئموورانی پۆلیس لە ناو ماڵێکدا لەگەڵ تەرمی کچێکی ١٧ ساڵە بەرەوڕوو بوونەوە کە سەری لە جەستەی جیا کرابۆوە. لێکۆڵینەوەی زیاتر دەریخست کە کچێکی لاو بەناوی مۆنا حەیدەری پاش هەڵاتنی بۆ تورکییە لە لایەن هاوسەرەکەی سەجاد حەیدەرییەوە بۆ ئێران گەڕاندراوەتەوە و بەدەستی هاوسەر و برای هاوسەرەکەی کە هەر دووکیان ئامۆزای مۆنا بوون کوژراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەنجامدەرانی ئەم قەتڵە دەستبەسەر کراون.
لە کلتووری باودا زۆرجار بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “قەتڵی نامووسی” پانتایی کارەساتەکە تا ئاستی ئەنجامدرانی قەتڵێک دێننە خوارێ. لەو جێگەوە کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی سزای قورس بەسەر کەسانێکدا کە “قەتڵی نامووسی” ئەنجام دەدەن ناسەپێنێت، هەر ئەم بابەتە خۆی یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ڕێگە بە پیاوان دەدات تا دەست بدەنە وەها کردەوەیەکی دژەئینسانی و جەنایەتکارانە. قەتڵ و جەنایەتی نامووسی، ناوی ڕەمزی ئەو سوننەت و یاسا دژەژنانەیە کە ڕێگە بە پیاوان دەدات تا لەژێرناوی یاسا و سوننەتەکانەوە کرداری جەنایەتکارانەی خۆیان پاساو بکەن. ئەم ژنانە بە هۆکاری بەناو “لکەدار کردنی شەرافەتی بنەماڵەی خۆیان” سزا دەدرێن. هەڵبەت دەستەواژەی لکەدار کردنی شەرافەتی بنەماڵە بەڕواڵەت بابەتێکی ئەخلاقییە و ناکرێ حەد و سنوورێکی بۆ دیاری بکرێت. لەخۆڕا نییە کە لە نەریتی کۆمەڵگای پیاوسالار و یاساکانیدا ئەم دەستەواژەیە بۆ زۆر بوار بەکار دەهێندرێت. بۆ نموونە لە بوارەکانی مل نەدان بە هاوسەرگیریی ئیجباری، قوربانیبوونی دەستدرێژیی سێکسی، تەڵاق وەرگرتن(تەنانەت لە شوویەکی نەشیاو)، پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر یان بە ئیدیعای پاسەوانانی دین “زینا کردن”. بۆ ئەوەیکە ژنێک ببێتە قوربانیی جەنایاتی نامووسی، تەنیا هەر ئەوەندە بەسە تا گومانی ئەوەی لەسەر بێت کە ئابڕووی بنەماڵەی بردووە. هەڵبەت کوژرانی مۆنای حەڤدە ساڵە لەم کۆمەڵگایەدا نموونەیەکی دەگمەن نییە. بەردەوام هەواڵی کوژرانی ژنان بەدەستی باوک، شوو، برا، مام و سەرەنجام بەدەستی پیاوانی دوور و نزیکی بنەماڵە دەبیسترێت. ئەوەیکە بوکوژەکان لە هەرکام لەم قەتڵانەدا کامە پاساوی بەناو ئەخلاقی دەکەنە چاشنیی کردەوەی جەنایەتکارانەیان ڕەنگبێ زۆر گرینگ نەبێت، بەڵام ئەوەیکە گرینگە باسی لێ بکرێت ئەو سوننەت و یاسایانەن کە دەستی پیاوان بۆ ئەنجامدانی وەها جەنایاتێک ئاواڵە دەهێڵێتەوە. هەربۆیە دەبێ بڕۆینە سۆراغی هەموو یاسا و سوننەتەکان. ئەگەر لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە مۆری قەتڵی نامووسیی لێ نادرێت، لە وڵاتانێک کە یاسا و کلتووری پرتووکاوی ئیسلامی زاڵە، کوشتنی ژنان، بەبێ پەردەپۆشی بە قەتڵی نامووسی دەناسرێت. لە هەموو ئەو کۆمەڵگا پیاوسالار و دواکەوتووانەدا کە کتلووری کۆنەپەرستیی ئیسلامی زاڵە، بەستێنی دەروونیی ئەم جەنایەتانە بوونیان هەیە. کەوابوو دەبێ بڕۆینە سۆراغی هەموو ئەو فاکتۆرانەی کە بە پیاوان ڕێگە دەدات تا لەژێرناوی دین و یاسای شەرع و یان بەناوی سوننەت، وەک کاڵایەک چاو لە ژنان بکەن و خۆیان بەخاوەنیان بزانن و ڕێگە بەخۆیان بدەن بە حوکمی ئەم خاوەنداریەتییە هەموو کردەوەیەکی نامرۆڤانە دژبە ژنان پاساو بکەن.
لێرە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، لەگەڵ پێکهاتەیەک لە هەموو ئەم فاکتۆرانە بەرەوڕووین. دین، سوننەتی کۆمەڵگای پیاوسالار، نیگای کاڵایی بە ژن، منداڵ هاوسەری باروودۆخێکی پێکهێناوە کە لەسەر بەستێنیان ئەم قەتڵە ناخ هەژێنانە ئەنجام بدرێن. سەری کچی ١٣ ساڵە بە دەستی باوکی بە داس دەبڕدرێت، پیاوێکی لاو لەگەڵ براکەی سەری مۆنای حەیدەری لە جەستەی جیا دەکەنەوە. هەموو ئەوانە نیشانی دەدەن کە وێنەیەکی سوننەتی لە ژن لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە، توندوتیژی دژبە ژنان بووەتە بابەتێکی ئاسایی. پیاوانی بنەماڵە وەک حوکمڕانانی ماڵەوە دەستدرێژیی سێکسی، بە “مافی سرووشتی”ی خۆیان دەزانن و هاوکات کوشتنی ژنانیش “دیفاع لە نامووس”ی خۆیان پێناسە دەکەن. لە هەر دووی ئەم حاڵەتانەدا ئەوە ژنە کە دەبێتە قوربانی.
ئەگەر ژن کاڵایە، کەوابوو کۆمەڵگای بۆرژوایی پیاوسالار ڕێگەی بەخۆی دەدات تا هەر جۆرێک کە مەیلیەتی لەگەڵ ئەم کاڵایە هەڵسووکەوت بکات. بەنێری ڕێکلامی فرۆشی کاڵاکانی دیکە بە وێنەی ژنێک دەڕازێنێتەوە و لە دار و دیواری دەدات. ژن لەژێرناوی کرێکاری سێکس و بەناوی سیغە لە بازاڕی پڕسوودی لەشفرۆشیدا هەڕاج دەکات. ژن لە چارشێو و مەقنەعە دەپێچێت تا لە چاوی خەڵکی تر بیپارێزرێت. بە منداڵ هاوسەری هەڵدەڵێت و ئەگەر پێویست بێت “بەڵگەی نەتەوەیی مافی منداڵ” و “گەڵاڵەی ڕێگری لە توندوتیژی دژبە ژنان”یش بە گۆترە پەسند دەکات.
لەڕاستیدا ئەم گشتە لە توندوتیژیی دەوڵەتی دژبە ژنان بەستێنێکی گونجاوی بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لەدژی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و “قەتڵە نامووسییەکان” دابین کردووە. هەر بەم ئیعتبارە توندوتیژی دژبە ژنان بە هەموو نەهامەتییەکانییەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە پێویستە بەستێنی بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بەپێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی ڕێکخراو و لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی، هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤە ئازاد و یەکسانی خوازەکان بێنە مەیدان. نابێ ڕێگە بدرێت کە قەتڵی مۆنای حەیدەریی ١٧ ساڵە بەدەستی هاوسەرەکەی، بابەتێکی کەسی، بنەماڵەیی، قەومی، کلتووری و ئایینی پێناسە بکرێت و لە بەدواداچوون و سزا لە ئەماندا بێت. بەڵام ئەگەر دەست بۆ ڕیشە ببەین کۆماری ئیسلامی و ئەو نیزامە چینایەتییەی کە پشتیوانیی لێ دەکات هۆکاری سەرەکیی ئەم جەنایەتەیە. کەوابوو خەبات لەپێناو نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان و هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتایدی جنسییەتی بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەباتی دژی سەرمایەداری و خەبات دژبە دەوڵەتی مەزهەبی. لەم ڕوانگەوەیە کە لەناوبردنی بەستێنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژی دژبە ژنان لە ڕێگەی هێرشی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕژیمی سەرمایەداریی مەزهەبیی زاڵ لە ئێران و لە مەسیری خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێپەڕدەبێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە