ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوە، کتێبفرۆشیی “ژیرا” لە سنە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ئیدارەی ئەماکنی ئەم شارەوە داخرا.
ئەم کتێبفرۆشییە لەلایەن ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری مافەکانی ژنانەوە بەڕێوە دەچێ.
شایانی باسە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، ژینا مودەڕس گورجی هۆشدارییەکی سەبارەت بە داخرانی کتێبفرۆشیی “ژیرا” پێ گەیشتووە و ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئەماکن ئەم کتێبفرۆشییەیان داخستووە.
لە بەڵگەی داخستنی کتێبفرۆشیی “ژیرا”دا ڕاگەیەندراوە کە ئەم یەکە سێنفییە بەپێی ماددەکانی ٢٧ و ٢٨ی یاسای نیزامی سێنفی بە هۆی سەرپێچی ئینتیزامی (ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی)، داخراوە.
ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان لە درێژەی شۆڕشی ژینادا دوو جار لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو.