فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن لە خواردنی بەندکراوێکی سیاسی لە زیندانی ناوەندی ورمێ
پێنجشەممە ۳۰-۰۱-۱۴۰۳   |  18-04-2024

بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ورمێ کە ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدا تێپەڕ دەکات، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دۆسیەکەی و بێڕێزیی داواکاری گشتیی ورمێ بە بنەماڵەکەی، لە پێنج ڕۆژ پێشەوە مانی لە خواردن گرتووە و بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.
لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، حەسەن عومەرپوور، بەندکراوی سیاسی و تەمەن ٢٩ ساڵ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە و هەر ئەو ڕۆژە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە لە پێنج ڕۆژی پێشووەوە بە ئیزنی سەرۆکی زیندانی ناوەندی ورمێ لە تەواوی مافە بنەڕەتییەکانی خۆی وەکوو پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
لەم دوایییانەدا بنەماڵەی حەسەن عومەرپوور دوای داوای مەرەخەسی منداڵەکەیان لە داواکاری گشتیی ورمێ، لەلایەن حەسەن مەجیدی، دادپرس بێڕێزی و سووکایەتییان پێکرا و ئەو بەندکراوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بەو هەڵسوکەوتەی داواکاری گشتیی ورمێ لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها بارودۆخی دۆسیەکەی خۆی مانی لە خواردن گرتووە.
حەسەن عومەرپوور، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠١، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل” سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
حەسەن عومەرپوور لەو مەودای نێوان پاییزی ۱۴۰۰ تا خاکەلێوەی ١٤٠١، لەگەڵ ٩ هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتگەلی هاوشێوە دەستبەسەر کران و بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسی لەژێر ئەشکەنجەدا بوون.
شایەنی باسە کە، چوار کەس لە هاودۆسیەییەکانی ئەو بەندکراوە بە ناوەکانی نەسیم نەمازی، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پڕحازوو کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری پارەکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.