فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەڕەشەی ڕژیم لە قوتابییان و مامۆستایان بە ناوی گەڵاڵەی نوور
هەینی ۳۱-۰۱-۱۴۰۳   |  19-04-2024

پاش دەسپێکردنی گەڵاڵەی “نوور”، لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە، سەرچاوەکان باسیان لە هەڕەشەی سزای نەختی لە قوتابیان و هەروەها هەڕەشەی دانەمەزراندن بە شێوەی فەرمی لە مامۆستایان کردووە.
بەپێی ڕاپۆڕتەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش دەسپێکی گەڵاڵەی نوور، جێگری پەروەردەی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سنە، هۆشداریی داوەتە قوتابییان و مامۆستایان کە لە ئەگەری پێبەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملێ بەرەوڕووی سزای نەختی دەبنەوە.
ئەم سەرچاوە زیادی کردووە کە بە مامۆستایان ڕاگەیەندراوە کە ئەگەر بە حیجابی زۆرەملێ لە نێو قوتابخانە و تەنانەت لە شوێنە گشتییەکانی وەک شەقامەکانیش پێبەند نەبن، ئەوە لە کاتی دامەزراندنی مامۆستا پەیمانییەکان بە شێوەی فەرمی کاریگەر دەبێت و ڕێگە بە دامەزراندنی فەرمییان نادرێت.
ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی نوور لە شاری سنە زیادی کردووە کە وەنەکانی گەشتی ئێرشاد هاوتەریب لەگەڵ هێزێکی زۆری لیباس شەخسی و سەرکوتگەر لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە بە مەبەستی بەرەوڕووبووونەوە لەگەڵ ژنان جێگیر کراون.
لە کۆتایی ڕاپۆڕتەکەدا ئاماژە بە داخستنی شوێنی گەشتیاریی “شانشین” لە مەریوان بە هۆی ژەندنی ئامێرەکانی مۆسیقا لەلایەن کچانەوە کراوە.
بەرپرسانی ئەم شوێنە گەشتیارییە ڕایانگەیاندووە کە دوو ڕۆژ پێش لە نەورۆز گرووپێکی مۆسیقای منداڵان، مۆسیقایەکیان پێشکەش بە دایک و باوکانی خۆیان کردووە کە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداربوونە.