بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەڵان، سزای سێدارەی ٥ بەندکراو کە ناوی چوار کەسیان بە ناوەکانی ئەحمەدڕەزا میری تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی زابۆل، شەمسەددین کشانی تەمەن ٥٣ ساڵ و شەوکەت شەهبەخش هەردوویان خەڵکی زاهیدان و بەندکراوێکیتر بەناوی جەماڵ مەردانی تەمەن ٥٤ ساڵ و خەڵکی میاندواو زانراوە لە زیندانی ناوەندیی کرمان جێبەجێ کراوە. ئەو شەش بەندکراوە ڕۆژی هەینی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە و ڕۆژی ڕابردوو دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی تر بە ناوەکانی سەعید جەدگاڵ تەمەن ٣٠ ساڵ و محەممەد ئەنجەم ڕووز تەمەن ٣٣ ساڵ و هەردوو خەڵکی شارۆچکەی پلانی شاری دەشتیاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە زیندانی ناوەندیی چابەهار جێبەجێ کراوە.
هاوکات سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عەلیڕەزا شەهباز تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی تاران و عەبدوباری پەشتوو خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.
هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو ٩ بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەریی ڕژیم بڵاو نەکراوەتەوە.