ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گوڵان لانیکەم ١٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو و ناڕازییان خوازیاری پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی “تەئمینی ئیجتماعی” لە شارەکانی کرماشان، تاران، ئەهواز و ئەراک لە بەردەم بینای تەئمینی ئیجتماعی لەو شارانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
ناڕازییان لەم کۆبوونەوانەدا خوازیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوان بەپێی هەڵاوسانەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکانی بژێوی ژیان بوون.
هەروەها لەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە ژمارەیەک لە کرێکارانی کارخانەی بەرهەمهێنانی کاغەزی “پارس و تەبێعەتی سێلۆلۆز” لە بەردەم فەرمانداریی شاری شووش، ژمارەیەک لە کرێکارانی “گرووپی مێللی فوولاد”ی ئەهواز لە بەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە تاران، کۆمەڵێک لە ئۆپێراتۆرانی کارەبای خوزستان لە ئەهواز، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازی پۆڵا لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان و قائێمشار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری وەدیهاتنی داخوازیەکانیان بوون.
لە هەمان کاتدا ژمارەیەک لەو کەسانەی کە ناونووسییان کردبوو تاکوو ماشینی “پژۆ پارس” لە چوارچێوەی گەڵاڵەی یەکدەستبوون لە تاران وەربگرن و کۆمەڵێک لە باخدارانی تاکستان، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەوانیی یاسووج، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی کانگاکانی بەردەڕەژووی کرمان و هەروەها بەشێک لە کرێکارانی وەرزیی “کشت و سەنعەت”ی نەیشەکەر لە شووش بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوازیاری پیراگەیشتن بە کێشەو گرفتەکانیان بوون.